بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24؛ پێنجەمین پێشانگەی هایتێکس بەڕێوە دەچێت

پێشانگەی هایتێکس
پێشانگەی هایتێکس

لە نێوان 03 تاوەکوو 06ـی ئەیلوولی داهاتوو، پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024) بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 و بە بەشداریی نزیکەی 100  کۆمپانیا کە نوێنەرایەتیی 17 وڵات دەکەن؛ بەڕێوە دەچێت. 

فەرهەنگ برادۆستی، سەرپەرشتی پێشانگەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمساڵ هایتێکس لە زۆر ڕووەوە جیاواز دەبێت. هایتێکس2024 لە پێشانگا و ئەستێرەکانی داهاتوو و بە هۆڵێکی جیا بۆ کۆنفرانس بە تایبەت پێک دێت، هەروەها لە ڕێگەی شوێنی تایبەت بە بازرگانەکان، کۆبوونەوەی تایبەتمان دەبێت بۆ خاوەن کار و بازرگانەکان". 

برادۆستی باسی لەوەش کرد "لە هایتێکس2024، بەشداربووان، بوارە تایبەتەکان تەرخان دەکەن و تێیدا باس لە نوێترین تەکنەلۆجیاکان دەکەن. ئەمساڵ نزیکەی 100 کۆمپانیا دەرفەتیان دەبێت دەست بکەن بە دروستکردنی بناغەی تەکنەلۆجیای داهاتوو". 

ئەمساڵ لە هەر چوار ڕۆژی پێشانگەکە، کۆنفرانسی هایتێکس بە دروشمی (The Future Unlocked)  بەڕێوەدەچێت و لە حەوت پانێل، سێ سیمینار و دوو وۆرکشۆپ پێک دێت. هەر ڕۆژەوە باس لە بابەتێکی تایبەت دەکرێت، لەنێویشیاندا (تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی، ژیریی دەستکرد، تەکنەلۆجیای دارایی و کارسازیی تەکنەلۆجیا). 

ئامانجی کۆنفرانسەکە، وەکوو ئەوەی فەرهەنگ برادۆستی باسی کرد "کۆکردنەوەی زانایانی ئەکادیمیی پێشەنگ، نوێنەرانی حکوومەت، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، کەسانی سەرەکی کەرتی تایبەت و حکوومەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانە؛ بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردن و هاوبەشکردنی ئەزموون و تێڕوانینەکان لەسەر هەموو لایەنەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای زانیاریی لە عێراق و جیهاندا". 

سەرپەرشتی پێشانگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمساڵ جارێکی دیکە، بە شێوازێکی گەورەتر و بە پشتگیریی زیاتری کۆمپانیاکان، بەرنامەی ئەستێرەکانی داهاتووی هایتێکس بۆ هایتێکس2024 دەست پێ دەکەینەوە. ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتی خاوەنکارەکان دەدات بەرەو پێش بچن. خاوەنکارەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە لە یەک شوێندا کۆ دەبنەوە بۆ هاوبەشیی و ناساندنی کارەکانیان لەگەڵ هەزاران ئامادەبوو. بەشێکی درەوشاوەی هایتێکس بۆ خاوەن پرۆژە گەنجەکان تەرخان دەکرێت". 

ئەستێرەکانی داهاتووی هایتێکس، پلاتفۆرمێکی پارەدانی بە کۆمەڵە (کراودفاندینگ) و کۆمپانیا دەستپێشخەرەکان، ڕاهێنەران، وەبەرهێنەران و ڕێکخراوەکان کۆ دەکاتەوە کە لە جیهانی کارگێڕیدا کار دەکەن بۆ نمایشکردنی ئەو داهێنانانەی پەیوەندییان بە تەکنەلۆژیاوە هەیە لە بەردەم ئامادەبووانی هایتێکس و لیژنەی دادوەریدا.

 لە ماوەی ڕۆژانی هایتێکسدا 40 پرۆژە نمایش دەکرێن، هەروەها ڕێگە بە خاوەن کارەکان دەدرێت داهێنانەکانیان لەگەڵ خەڵک و کۆمپانیاکان هاوبەش بکەن. ئەمەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دەستپێکردن و پەرەپێدانی پرۆژە و تواناکانی گەنجان. 

فەرهەنگ برادۆستی گوتیشی: ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم لەسەر ستەیجی هایتێکس، ئۆپێن سپەیس ئەکادیمی فاڵینگ واڵز لابی هەولێر بە هەماهەنگیی زانستیی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەددین، ڕێک دەخات. فاڵینگ واڵز لابی هەولێر پلاتفۆرمێکی ناوازەیە بۆ ئەوەی قوتابی و خاوەن کارەکان بیرۆکەی داهێنەرەکانیان تەنها لە ماوەی سێ خولەکدا پێشکەش بکەن. ئەم چالاکییە دەرفەتێکی نایاب و ناوازەیە بۆ پیشاندانی ئەو بیرۆکە داهێنەرانەی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر زانست و کۆمەڵگە هەیە. 

سەرپەرشتی پێشانگەی هایتێکس24 ڕوونیشی کردەوە، سەرکەوتووی یەکەم، بیرۆکەکەی خۆی لە مانگی 11ـی 2024 لە بەرلین پێشکێش دەکات، شانبەشانی سەرکەوتووەکانی لابەکانی دیکەی جیهان بۆ بەدەستهێنانی هەر جۆرە پشتگیرییەکی پێویست.