عێراقچی: بە زامنکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان پارێزگاری لە بەرەی مقاوەمە دەکەین
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بە هەماهەنگیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەیی زامن دەکەین و پارێزگارییەکی تەواویش لە بەرەی مقاوەمە دەکەین.
عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرەی مقاوەمە پەیوەندییەکی ڕیشەیی و تۆکمەیە، هەر بۆیە پشتگیرییەکی تەواوی لە بەرەی مقاوەمە و خەڵکی ستەم لێکراوی غەززە دەکەین.
هەروەها گوتی: ئۆپراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیی (الوعد الصادق) ڕاستگۆیی پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو هەم لە مەیدانی شەڕ هەم لە کاری دیپلۆماسیدا کە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەوڵی سەرخستنی دا.
عێراقچی بڕوای وایە ئێران بە هێرشە مووشەکەی ناوەڕاستی نیسانی ئەمساڵ بۆ سەر ئیسرائیل کە بە بەڵێنی ڕاستگۆیی ناونراوە، ڕێگریی لە هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی کردووە. دەشڵێت: ئەمڕۆکەش هەر بە هەمان شێوەیە و بە هەماهەنگیی هێزە چەکدارەکان ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی وڵات مسۆگەر دەکەین.
ڕاشیگەیاند "بە ئەرکی خۆیی دەزانێت بەر لە دەستبەکاربوونی لە وەزارەتی دەرەوە سەردانی گۆڕی حسێن ئەمیر عەبدڵلاهیان بکات و بەڵینی لەگەڵ ببەستێت کە لە سەر ڕێچکەکەی ئەو بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران لە ژێر ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی ڕێبەری باڵادا درێژە پێ بدەن".