وێنەیەکی سوودانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەهەژێنێت
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەکی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگارەکانی بەسرە، ئەسعەد عێدانی، کەربەلا، نەسیف جاسم خەتابی، و واست محەمەد جەمیل مەیاحی، بڵاو بووەتەوە کە بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا چرکاندوویانە.
زۆرێک لە شرۆڤەکاران و چاودێران پێیان وابوو کە ئەگەر وێنەکە بێ مەبەستیش چرکێنرابێت، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ هاوپەیمانیی داهاتووی سوودانی لەگەڵ ئەو سێ کەسە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان کە بڕیارە کۆتایی ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
سوودانی کە لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە" پاڵپشتی کرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، پێناچێت پەیوەندییەکانی زۆر بە جۆش بێت لەگەڵ چوارچێوە تەقلیدییەکەوە، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە سوودانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی عەسایب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی هەیە، بەڵام کەسانێک دەیسەلمێنن، کە پەیوەندیی سوودانی و نووری مالیکی گرژی زیاتری تێ کەوتووە.
دەرکەوتنی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەو سێ پارێزگارە، دەتوانرێت بە گریمانەی هاوپەیمانییەکی سیاسیی نوێ لێک بدرێتەوە، کە سوودانی خۆی بۆی ئامادە دەکات.
سەرکردەیەک لە 'دەوڵەتی یاسا' بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاند "وێنەکە بەبێ دوودڵی، ئاماژەیە بۆ هاوپەیمانیی هەڵبژاردن لە نێوان سوودانی و ئەو سێ پارێزگارە. هەروەها سیماکانی ئەم هاوپەیمانییە پێش و دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرکەوت، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوە چوو، چونکە ئێمە بینیمان سوودانی لایەنگرییەکی ڕوونی هەیە بەرامبەر بەو پارێزگارانەی کە زۆرترین دەنگیان لە پارێزگاکانیان بەدەست هێناوە".
لەوەتەی ئەو سێ پارێزگارە، زۆرینەی کورسییەکانی پارێزگاکانی (بەسرە، کەربەلا، و واست)یان بەدەست هێناوە و باڵادەستییان بەسەر حکوومەتە خۆجێیەکان و ئەنجومەنەکانیاندا هەیە، نوێنەرایەتیی هێزە سیاسییە نوێیەکانی شیعە دەکەن، هەروەها مەترسی ڕاستەقینەیان لەسەر کوتلە شیعە تەقلیدییەکاندا هەیە.
شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی فیدراڵی بۆ هەر سێ پارێزگاکە 48 کورسییە، بەپێی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە ساڵی 2022 کراوە. هەروەها یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگرین کە سەرۆکوەزیران نوێنەرایەتیی دەکات، ڕەنگە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا نیوەی کورسییەکانی پێکهاتەی شیعە کە دەکاتە نزیکەی 75 کورسی، بۆ ئەم هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوە بێت.
زۆرینەی هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" هەوڵیان دابوو ڕێگریی لە سێ پارێزگارەکە بکەن لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، لە ترسی ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتوودا هەمان ژمارە دەنگ و ڕێژەی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوە ڕوون بوو کە سەرۆکی حکوومەت بۆ جاری دووەم پشتگیریی لە نوێکردنەوەی خولی پارێزگاریان کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەنجامانەی کە لیستەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیان هێناوە.
ترسەکانی هاوپەیمانی سوودانی لەگەڵ "سێ هێزی بەهێز" نیگەرانی جددی لای زۆرینەی هێزە شیعەکان دروست کردووە، چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
بەپێی سەرچاوەیەکی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"، هاوپەیمانییەکی لەم جۆرە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاوسەنگیی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
شرۆڤەکار و دیپلۆماتکاری پێشوو غازی فەیسەڵ بەهەمان ڕۆژنامەی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ هەرسێ پارێزگارەکە گرنگی خۆی هەیە، سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی مۆدێلێکە بۆ هاوپەیمانییەکی مەدەنی نوێ، کە هیوادارین دیموکراسی و کاریگەر بێت لەسەر ئاستی چاکسازی و دووبارە بنیاتنانەوە، دووبارە داڕشتنەوەی هاوکێشەی دەسەڵات کە بەهۆی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەرزۆکەوە بەڕێوە دەبرا". ئاماژەی بەوەش کرد "وێنە نوێیەکە ڕەنگدانەوەی یەکگرتوویی پێگەی مەدەنییە کە دەتوانێت وردە وردە و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەو گۆڕینی نەخشەی سیاسی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بڕوات".
سەرچاوە: "شەرقولئەوسەت"