سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەم نزیکانە دیارییەک پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکات
K24 – هەولێر:
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دڵی هەموو هەولێرییەکانی ئێشاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دڵنیایی بە کاسبکارانی بازاڕەکە داوە کە شوێنەکەیان بە زووترین کات بۆ نۆژەن دەکرێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئێستە بازاڕی قەیسەری ھەولێر نۆژەن دەكرێتەوە بە بڕی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەكی نزیكدا كاسبكاران بتوانن بگەڕێنەوە سەر کاروکەسابەتی خۆیان.
پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دڵی هەموو هەولێرییەکانی ئێشاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دڵنیای داوەتە کاسبکارانی بازاڕەکە کە کاری نۆژەنکردنەوەکە لە زووترین کات تەواو دەکرێت.
هاوکات گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەم نزیکانە دیارییەک پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکات.
شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.
دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بەپێی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.