زەریف پەشیمان بووەوە و گەڕایەوە نێو حکوومەتەکەی پزیشکیان

محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران
محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران

محەممەد جەواد زەریف لە پەیامێکدا گەڕانەوەی بۆ نێو پێکهاتەی کابینەی مەسعود پزیشکیان ڕاگەیاند و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی" لە جێگری کاروباری ستراتیجی سەرۆککۆمار لە کابینەی چواردەهەمی حکوومەتدا بەردەوام دەبم"

زەریف لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئەندامانی حکوومەت چوونەتە چاوپێکەوتنی ڕێبەری باڵا، کە زۆرینەی ئامادەبووان لە ئافرەتان، پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی کابینەی حکوومەتن، ئەمەش دەرخەری ڕاستگۆیی و ئازایەتی سەرۆک بوو لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن، کە هیوادارم بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای یەکگرتوویی نیشتمانی و گەشەپێدانی مرۆیی و هاووڵاتیی بوون بەردەوام بێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی، دوای بەدواداچوون و ڕاوێژێکی وردبینانەی سەرۆککۆمار و بە نووسراوی فەرمی ئەو بەردەوام دەبم لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانم وەک جێگری سەرۆککۆمار و بەرپرسیاری سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار.

پیشتر لە 2ـی ئاب، محەممەد جەواد زەریف بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 10 ڕۆژ، وەک وەڵامێک بۆ تەواوکردنی لیستی ئەندامە پێشنیارکراوەکانی کابینەکە، دەستی لەکار کێشایەوە.