یەمەن... بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاو دەیان کەس گیانیان سپاردووە و بێسەروشوێن بوون

دانیشتوانی پارێزگایەکی یەمەن ڕایانگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاو، نزیکەی 30 کەس بێسەروشوێن بوون و ژمارەیەکی دیکەش گیانیان سپاردووە.
دانیشتووانی پارێزگای مەحویت لە باکووری یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیایان ڕاگەیاند، بارانی بەخوڕ بووەتە هۆی داڕمانی سێ بەنداو و بەرد بەسەر دانیشتووان و ژمارەیەک خانوو لە ناوچەی مەلحان.
سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو، کە بەهۆی داڕمانی بەرد و بارانی بەخوڕ ژمارەیەک کەس گیانیان سپاردووە کە تا ئێستا ژمارەکە نەزانراوە، هەروەها بەلایەنی کەمەوە 30 کەسیش دیکەش بێسەروشوێن بوون، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش ژێر ئاو کەوتوون و بووەتە هۆی پچڕانی ئەو ڕێگایانەی دەچنەوە ناوچەی مەلحان لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە.
سەرچاوەکان ڕوونیانکردەوە، کە دەیان گوندی ناوچەی مەلحان بەهۆی بارانی بەخوڕ گیریان خواردووە، هەروەها ژمارەیەک خێزانیش تاوەکو ئێستا لە ژێر داروپەردوودان، یەمەن لە سەرەتای ئەم مانگەوە ڕووبەڕووی بارانێکی زۆر بووەتەوە و زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی لیژنەی فریاگوزاری، ڕۆژی هەینی، 23ـی ئابی 2024، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاو لەپارێزگای حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن، 67 کەس گیانیان سپارد و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 13 هەزار خێزان لە گوند و ناوچەکانی تەهامیە بەهۆی بارانی بەخوڕ زیانیان بەرکەوتووە، کە ماوەی چەند دەیەیە باران بەو شێوەیە لەو ناوچەیە نەباریووە، هەروەها نزیکەی 2200 خێزان لە گوندەکان ئاوارە بوون.
سەبارەت بە زیانە مادییەکان کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لافاو سێ هەزار و 357 خانووی بەتەواوی و پێنج هەزار و 519 خانووی بەشێوەی بەشی وێران کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لافاو ڕووبەرێکی زۆری کێڵگە کشتوکاڵییەکانی تێکداوە، لەوانە 390 کێڵگەی دانەوێڵە لەقەزای مەنسوریە، هەروەها بەهۆی لافاوەکەوە هەزار و 391 سەر مەڕ و 54 مانگا مرداربوون و هەشت هەزار و 403 پورەی هەنگ لەناوچوون.
