ته‌رمی منداڵێک له‌ باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی بەغدا دۆزرایه‌وه‌

K24 – بەغدا:

ماوەیەک لەمەوبەر منداڵێک لە بەغدا بەناوی جوود ون دەبێت و کەسێک پەیوەندی بە کەسوکارییەوە دەکات دەڵێت من نێوەندگیرم لە نێوان ئێوە و ئەوانەی منداڵەکەی ئێوەیان لەلایە و بری 15 ملیۆن دینارم پێبدەن، کەچی دوای ماوەیەک تەرمی منداڵەکە لەنێو باڵەخانەی قوتابخانەیەکی حکوومی دۆزرایەوە.

خه‌مێكی گه‌وره‌ به‌ ڕووخساریانه‌وه‌ دیاره‌ و نیگاكانیان پڕن له‌ ژان، ئه‌مه‌ دۆخی خانه‌واده‌یه‌كه‌ كه‌ منداڵێكیان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌وانه‌یه‌ هیچ كاتێك به‌خیاڵیاندا نه‌هاتبێت كه‌ چاره‌نووسی جوودی كوڕه‌ به‌نازه‌كه‌یان، كه‌ نه‌خۆشیی شیزۆفینیای هه‌بووه‌، به‌م شێوه‌یه‌بێت، كه‌ لاشه‌ پووكاوه‌كه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌ حكومییه‌كاندا بدۆزنه‌وە.

ئه‌وه‌ی جوود له‌و په‌نجه‌ره‌ بچووكه‌وه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌‌ و سواری پاسكیله‌كه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام بۆ هه‌میشه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌گوته‌ی مامی قوربانییه‌كه‌، كه‌سێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ داوای پاره‌ی لێكردبوون.

مامی منداڵەکە دەڵێت: "ته‌رمه‌كه‌ییمان له‌ قوتابخانه‌یەک دۆزییه‌وه‌، نازانین مردنێكی ئاسیی بووه‌ یانیش كوژراوه‌، به‌ڵام كاتێك سه‌یری ته‌رمه‌كه‌ی ده‌كه‌یت، ده‌زانیت كه‌ ئاوساوه‌ و ئاسایی نییه‌، هه‌روه‌ها دوو ڕۆژ به‌ر له‌وه‌ی بمرێت كه‌سێك په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردین و گوتی، من كه‌سێكی نێوه‌ندگیرم له‌ به‌رنامه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیكردن و داوای 15 ملیۆنی لێ كردین، ئێمه‌ش گوتمان ئه‌و 15 ملیۆنه‌ت پێ ده‌ده‌ین، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی جوودمان بۆ بنێره‌، ئه‌و گوتی من ته‌نها نێوه‌ندگیرم و لای من نییه‌ و منیش به‌وان ڕاده‌گه‌یه‌نم، به‌ڵام به‌بڕوای من له‌ناو قوتابخانه‌یەک شاردراوه‌ته‌وه‌".

چیرۆكی مردن یانیش وه‌ک خانه‌واده‌كه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ تاوانی كوشتنی جوود، تا ئێستا ڕووداوێكی ته‌مومژاوییه‌، ئه‌و شوێنه‌ی لێی دۆزراوه‌ته‌وه‌، پێویست بوو داخراو بێت یان به‌لایه‌نی كه‌م پاسه‌وانێكی هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش كامێراكانی چاودێری قوتابخانه‌ش كوژێنراونه‌ته‌وه‌.

باپیری منداڵەکە دەڵێت: "له‌و قوتابخانه‌یه‌ به‌ ئاوساوی دۆزراوه‌ته‌وه‌ و له‌ یه‌كێک له‌ پۆله‌كان ڕاكێشراوه‌ته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌ و ئاسه‌واری ڕاكێشانه‌كه‌شی دیاره‌، پێمانگوتن كامێراكانمان پێ بده‌ن، گوتیان ماوه‌ی دوو مانگه‌ كامێراكان كار ناكه‌ن، ئه‌ی كوا پاسه‌وان؟ گوتیان ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ نه‌هاتووه‌، ئێ كه‌واته‌ پێویست بوو قوتابخانه‌كه‌ داخراو بێت، ئه‌ی چۆن جوود چووه‌ته‌ ناو قوتابخانه‌كه‌".

كه‌سوكاری ئەو منداڵە داوا له‌ پزیشكی داد ده‌كه‌ن، په‌له‌ له‌ ئاشكراكردنی ڕاپۆرته‌كه‌یان و هۆكاری مردنی منداڵه‌كه‌یان بكه‌ن و داواش له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كه‌ن، به‌په‌له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و توندترین سزا به‌سه‌ر تۆمه‌تباری ئه‌و كه‌یسه‌دا بسه‌پێنن.