یەکێتی پیاوان: 342 سکاڵا تایبەت بە توندوتیژیی دژی پیاوان تۆمار کراون

توندوتیژی دژی پیاوان - ئەرشیف
توندوتیژی دژی پیاوان - ئەرشیف

سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 342 سکاڵای تایبەت بە توندوتیژیی دژی پیاوان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

پیاوێک توندوتیژی بەرانبەر کراوە و لەبەر ئەوە چەند مانگێکە بە تەنها دەژیت، ئەو هاووڵاتییە ساڵانێکە لەگەڵ هاوژینەکەی کێشەی هەیە، چەند جارێک ماڵەکەی بەجێ هێشتووە، یاخود دەرکراوە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە و ئێستا بڕیاری کۆتایی داوە بەهیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە لای، چونکە بە گوتەی خۆی، هاوسەرەکەی کۆتا جار توندوتیژیی بەرامبەر کردووە.

پیاوە دەرکراوەکە دەڵێت: لەبەر چەند هۆیەک دووچاری ئەو حاڵەتانە بووم و ماڵم بەجێ هێشتووە و دەر کراوم، بەڵام لەبەر ئەوەی منداڵێکم هەبوو، هەندێجاریش لەڕێگەی خزم و کەسەوە، یاخود خۆم گەیشتوومەتە قەناعەتێک، گەڕاومەتەوە، بەڵام دواجار هاوسەرەکەم هێرشی کردە سەرم و لە ماڵەوە دەری کردم.

بەپێی زانیارییەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، 121 سکاڵا تۆمار کراون، کۆی ساڵەکەش 619 سکاڵا هەبووە، بەڵام شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ژمارەی سکاڵاکان زیاتر بوون، دەستوەردان لە ژیانی هاوسەرەکان و سۆشیالمێدیا و هەندێک هۆی دیکە، پاڵنەرن بۆ زیادبوونی ئامارەکان.

بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان دەڵێت: بەپێی لێژنەی بەدواداچوونی تۆمارکردنی کەیسەکان لە ڕێکخراوی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 342 جۆری سکاڵا لەبارەی توندوتیژیی دژی پیاوان لە سەرجەم لق و ناوچەکانی ئەو ڕێکخراوە تۆمار کراوە. دەشڵێت: 32 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکانیان تۆمار کراوە، 11 پیاویش بەهۆی کێشەکانی خێزانییەوە کوژراون، گوتیشی: بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئامارەکانی توندوتیژیی دژی پیاوان زیادیان کردووە.

Fly Erbil Advertisment