باڵیۆزی تایلەند لە عێراق: لەڕێگەی فیلمێکەوە هاتمە کوردستان

باڵیۆزی تایلەند لە عێراق دەڵێت: لەڕێگەی فیلمێکەوە زانیم گەلی کورد چەند خۆڕاگرە، هەر ئەو خۆڕاگرییەی کوردان بوو وای کرد بڕیار بدەین پەیوەندییەکان پتەو بکەین و دەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بکەین.
پێنجشەممە 29ـی ئابی 2024، کۆڕبەندی بازرگانیی نێوان حکومەتی هەرێم و ژووری بازرگانی هەولێر و شاندی باڵای بازرگانیی تایلەند لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لەمیانی کۆڕبەندەکەدا، سوپارك پرۆنگسورە، باڵیۆزی تایلەند لە عێراق گوتی: وڵاتەکەمان چاوی لەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببات. ئاماژەی بەوەش کرد "دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان و تایلەند پێکەوە هەماهەنگیی و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەبێت". دەشڵێت: هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانمان بۆ بەرژەوەندیی و سوودی هەردوو میللەت.
سوپارك پرۆنگسورە گوتی: وەکو دەرهێنەرێک دەبینم خەڵکی کوردستان خۆڕاگرن کە لەنێو چەندین ئالەنگارییدان، دەشڵێت: فیلمێک وای لێم کرد بێمە کوردستان بۆ ئەوەی بە یەکەوە کار بکەین.
دەڵێت: دەمەوێت پەیوەندیی و ئاڵوگۆڕیی بازرگانیمان بەرەو پێشەوە ببەین، چەندین دەرفەت هەیە پێکەوە پێشکەشی بکەین و کاری لەسەر بکەین.