لە دەریای سوور، دەستکرا بە ڕزگارکردن کەشتی سۆنیۆن

وێنەی سووتانی کەشتی سۆنیۆن
وێنەی سووتانی کەشتی سۆنیۆن

نوێنەرایەتی یەکێتی ئەورووپا لە دەریای سوور (ASPEDS) ڕایگەیاند، هیچ دزەکردنێکی نەوت لە کەشتی زیانلێکەوتوو سۆنیۆن کە ئاڵای یۆنان لەسەرە نەبووە، ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن دەستیپێکردووە، بەڵام ئاگر هێشتا لە سەر بنمیچی کەشتییەکە هەیە، ئەوەش بەهۆی هێرشی حوسییەکان.

حوسییەکان چەندان هێرشیان ئەنجامداوە، لەوانە دانانەوەی بۆمب لەسەر تانکەرەکەی سۆنیۆن کە ئێستە پەکی کەوتووە، درێژییەکەی 274.2 مەتر دەبێت و نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە.

گرووپی حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، ڕێگەیان بە تیمەکانی فریاگوزاری داوە کەشتییەکە ڕابکێشن، کە لە 23ـی ئابەوە تا ئێستە دەسووتێت.

لارس جێنسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری پیشەسازی ڤێسپوچی ماریتایم لە تۆری کۆمەڵایەتی لینکیدئین گوتی: "پێدەچێت، لانیکەم بۆ ئێستە عەقڵ حکووم بکات."

حوسییەکان لە میانی هەڵمەتی 10 مانگەی خۆیان لە دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دوو کەشتییان نخرۆ کردووە، ئەوەش بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، وەک هاوسۆزییەک بۆ گەلی فەڵەستین لە شەڕی غەززە دژ بە ئیسرائیل.

لای خۆیەوە "(ASPEDS " بەڵێنیدا، "ئاسانکاری بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێک" بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەورووپا و وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی قەیرانێکی ژینگەیی کارەساتبار ڕوونەدات و تانکەری "سۆونیۆن" لە سووتان ڕزگار بکات.

سەبرینا سینگ، گوتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، بەرمیلەکانی نەوتی خاو لەناو کەشتیی "سۆونیون"دا وەک خۆیان ماون، تەنیا بڕێک  نەوت نەبێت لە خودی کەشتییەکە دزەی کردووە لەو بەشەی کە کراوەتە ئامانج.

لای خۆیانەوە حوسییەکان بڕیاریاندا ڕێگە بدەن بە تیمی فریاگوزاری ئەوەش دوای ئەوەی چەند وڵاتێک نیگەرانی مرۆیی و ژینگەیی خۆیان دەربڕی لەو ڕووداوە دەربڕی.

ڕەنگە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بێت بۆ دزە نەکردنی نزیکەی 150 هەزار تۆن نەوتی خاو بۆ ناو دەریای سوور، کە کاریگەری کارەساتبار لەسەر ژینگە دەبوو.

Fly Erbil Advertisment