گەنجێک لە ڕووباری خابوور خنکا
K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ کە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، لە ڕووباری خابووردا خنکا.
هەینی 30ـی ئابی 2024 بەرگریی شارستانی زاخۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 2:30ـی نیوەڕۆ تیمەکانیان تەرمی گەنجێکیان لە ڕووباری خابووری زاخۆ لە گوندی پیرەکا دۆزیەوە، بە ناوی (ی.ع.ع).
بەرگریی شارستانی زاخۆ، ئاماژەی بەوە دا، گەنجەکە تەمەنی 17 ساڵە و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، ئێستە تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی ئیدارەکە کراوە.
پێشتر سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 292 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی هەڵدێران و خنکان و ڕووداوەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تۆمار کراون، لە پارێزگای هەولێر 358 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 351 ڕووداو، لە پارێزگای سلێمانی 217 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 132 ڕووداو، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 115 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 98 ڕووداو، لە پارێزگای هەڵەبجە 21 ڕووداو.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئاماژەی بەوە کردووە، بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە، بە گشتیی62 کەس مردوون، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 17 کەس، لە پارێزگای هەولێر 16کەس، لەپارێزگای دهۆک 9 کەس، لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 8 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 8 کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 2 كەس، لە پارێزگای هەڵەبجە یەک کەس و لە ئاکرێش یەک کەس.