ستۆڵتنبێرگ: هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ نێو ڕووسیا یاسایی و ڕێگە پێدراوە

یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئۆکرانیا لە سنووری پارێزگای کۆرسکی ڕووسیا بەزاندنی سنوور و چوونە قوڵایی خاکی ڕووسیا یاسایی و ڕێگەپێدراون، چونکە ئامانجیان بەرگرییە لەخۆیان.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە یەکەمین کاردانەوەیدا بەرانبەر هێرشی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی ڕووسیا بە هەفتەنامەی ئەڵمانی Welt am Sonntag ی ڕاگەیاندووە، هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر کورسکی ڕووسیا شەرعییە، چونکە ئۆکرانیا مافی بەرگری لە خۆی هەیە. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئەم مافە سنوودار نییە.
هەروەها ئاماژەی داوە، هاوپەیمانی ناتۆ پێشوەخت لە پلانەکانی ئۆکرانیا ئاگادار نەکراوەتەوە کە هێرشی ناو خاکی ڕووسیا دەکات، لە هێرشەکانیشدا، ناتۆ هیچ ڕۆڵێکی نەبووە.
یێنس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەیداوە، ئۆکرانیا بە پێشڕەوی بۆ ناو خاکی ڕووسیا سەرکێشی دەکات، بەڵام ئەوە دەکەوێتە سەر پلان و سیاسەتی جەنگی کیێڤ کە چۆن هێرش و پێشڕەوییە سەربازییەکانی لە دەرەوەی سنوور بەڕێوە دەبات.
هەروەها ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ڤلادیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە بارەی هێرشەکەی سەر کۆرسکی ڕووسیا ئاشکرای کردووە، کە مەبەستیان دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارامە بۆ پێشگریی لە هێرشی زیاتر سوپای ڕووسیا بۆ ناو ئۆکرانیا.
سوپیا ئۆکرانیا لە 6ی ئابەوە، لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هێرشێکی فراوانیان کردە سەر سنووری ڕووسیا و بەرەو ناوەندی ستراتیژیی پۆکروفسک پێشڕەویان کرد و چەند گوندێکی سنووری پارێزگای کۆرسکی ڕووسیایان کۆنترۆڵ کرد، لە بەرانبەردا مۆسکۆ هێرشەکەی ئۆکرانیای بۆ سەر کۆرسک بە ئیستیفزاز کردنێکی گەورە ناوبردووە و بەڵێنی تۆڵە سەندنەوەیەکی توندی کردووە.