دادگای باڵای بەرازیل بڕیاری دەستبەجێ داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی دا

داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە بەرازیل
داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە بەرازیل

کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دوای ئەوەی پابەند نەبوو لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە نوێنەرێکی یاسایی لە بەرازیل دیاری بکات، ئەلیکساندەر دی مۆرێس دادوەری دادگای باڵای وڵاتەکە بڕیاری دەستبەجێی هەڵپەساردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی دەرکرد.

بڕیارەکەی دادگای باڵای بەرازیل تەنیا هەڵپەساردن و داخستنی تۆڕی ئێکسی نەگرتەوە، بەڵکو بڕیارەکە داخستنی هەژمارە بانکییەکانیی کۆمپانیای ستارلینکیشی گرتەوە کە سەرچاوەی دابینکردن و دابەشکردنی تۆڕی ئینتەرنێتە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە لە بەرازیل.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) بە تەواوی و دەستبەجێ لە سەرانسەری بەرازیل ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی هەموو فەرمانەکانی دادگا جێبەجێ دەکرێن، لە نێویادا سزایەکی ماددی پێبژاردنە بە بەهای 3.28 ملیۆن دۆلار، هاوکات لەگەڵ دەستنیشان کردنی نوێنەرێکی یاسایی لە بەرازیل.

هەروەها لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، دەبێت ئیلۆن مەسکی ملیاردێر و خاوەنی کۆمپانیای ئێکس ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای باڵای بەرازیل بگرێت.

سەرۆکی بەرازێل لە ڕایۆی فەرمی وڵاتەکەی گوتی: هەموو ئەو بازرگان و کەسایەتییانەی لە هەر سوچێکی جیهانەوە بێن و وەبەرهێنانی لە بەرازیل بکەن، دەبێت پابەندی یاسا و ڕێساکانی بەرازیل بن و ڕێزی لێ بگرن، هەربۆیە کەسێک سەروەت و سامانێکی زۆری هەبێت، بەو مانایە نایەت کە دەتوانێت ڕێز لە یاسا نەگرێت.

دوای دەرچووونی بڕیارەکەی دادگای باڵای بەرازیل، ئیلۆن مەسک هێرشیکردە سەر ئەو دادوەری بڕیارەکەی دەرکردووە و بە دیکتاتۆرێکی شەڕەنگێز ناوی برد و ناڕەزاییشی بەرانبەر بە بڕیاری هەڵپەساردنی کار و چالاکییەکانی ستارلینک دەربڕی و ڕایگەیاند،: ئەوە کارێکی نایاساییە و ئەو ڕیکارە سزایەکی ناڕەوایە بۆ خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە و دانیشتووانی بەرازیل.

یاسای وەبەرهێنان لە بەرازیل داوا لە هەموو کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەکات نوێنەرێکی یاساییان هەبێت لە وڵاتەکەدا بۆ ئەوەی نوێنەرێکی یاسایی و باوەڕ پێکراو بێت لە نێوان کۆمپانیا و دەسەڵاتی دادوەری بەرازیل، کە بتوانێت فەرمانی دادوەری وەربگرێت و بەرپرسیارێتی یاسایی کارو چالاکییەکانی کۆمانیاکە بگرێتە ئەستۆ.

Fly Erbil Advertisment