هایتێکس2024 بە سپۆنسەریی مێدیایی کوردستان24 دەست پێ دەکات
پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024) بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24 و بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست پێ دەکاتەوە.
سبەی سێشەممە، 02-09-2024، پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024) بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بە ئامادەبوونی سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکان، چەندان بەرپرسی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ناوەند و چەندان کۆنسوڵی وڵاتان؛ دەست پێ دەکات و بۆ چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس)، گەورەترین پێشانگا و کۆنفرانسی ساڵانەیە لە عێراق؛ هاوکات دەیەم گەورەترین پێشانگایە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە دەچێت.
زیاتر لە 150 کۆمپانیای 21 وڵات بەشدار دەبن
فەرهەنگ برادۆستی، سەرپەرشتی پێشانگاکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمساڵ زیاتر لە 150 کۆمپانیا، لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی لە پێشانگەی هایتێکس2024 دەکەن. هاوکات پێشبینی هاتنی زیاتر لە 50 هەزار سەردانیکەر بۆ پێشانگەکەمان دەکەین".
هایتێکس، وەکو ئەوەی برادۆستی باسی کرد، "ڕێگەیەکی نوێی بزنسەکانە بۆ گەشەکردن بە پیشاندانی دوایین بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانیان و نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی جیهان. لە هایتێکس سەدان کۆمپانیای تەکنەلۆجیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشوازیان لێ دەکرێت بۆ نیشاندانی نوێترین داهێنانەکانیان".
بە گوتەی سەرپەرشتی پێشانگاکە "هایتێکس ڕێگە بە بەشداربووان دەدات بۆ دروستکردنی مامەڵە و هاوبەشی بازرگانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، وە توانای جێبەجێ کردن بۆ ئۆفەرە حکوومیەکان. لە ماوەی ڕۆژانی هایتێکس، بەشداربووەکان لەگەڵ کڕیارەکانیان تێکەڵ دەبن و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەڕێوەبەرەکان و کڕیارەکان دروست دەکات".
بە گوتەی برادۆستی: پێشانگاکە سەرەڕای ئەوەی تەکنەلۆجییە، کەرتی گەشتیاریی هەولێریش دەبووژێنێتەوە، بەو پێیەی ساڵانە لە ماوەی چوار ڕۆژی پێشانگاکە، هەزاران گەشتیار لە خواروی عێراق و ناوچەکە سەردانی هەولێر دەکەن، دوای بەشداریکردنیشیان لە پێشانگاکە، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە دەکەن.
سەرپەرشتی پێشانگاکە ڕایگەیاند، ئەم خاڵانە، ئەمساڵی هایتێکسی لە ساڵانی ڕابردوو جیاکردووەتەوە:
1. کۆمپانیاکان چەندان بەرهەمە تازەکانیان لە ناو هایتێکس ڕادەگەیێنن، لەنێویشیاندا چەندان ڕۆبۆتی نوێ پیشان دەدرێن بە زیرەکترین ئامێرەکانی سەردەم.
2. بە بەشداریی چەندان کەسایەتی کاریگەری جیهانی کۆنفرانسی هایتێکس دەکرێتەوە کە زۆربەیان یەکەم جارە لە عێراق و کوردستان ئامادە دەبن.
3. هۆڵی کۆنفرانس جیا کراوەتەوە بە مەبەستی دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ گوێگرتن لە پانێلەکان.
4. ئەمساڵی هایتێکس بە شێوازێکی سەردەمییانەی تەکنەلۆجیی دەروازەکان دەکەینەوە و تونێڵێکی دیجیتاڵی وەک مەراسیمی کردنەوەی پێشانگاکە بەکاردێت.
کۆنفرانسی ئەمساڵی هایتێکس بە ناونیشانی (The Future Unlocked) بەڕێوە دەچێت
سەرپەرشتی پێشانگای هایتێکس2024، باسی لەوەش کرد، لە هەر چوار ڕۆژی پێشانگاکە کۆنفرانسی هایتێکس بە دروشمی (The Future Unlocked) بەڕێوە دەچێت و لە حەوت پانێل، سێ سیمینار و دوو وۆرکشۆپ پێک دێت. هەر ڕۆژەوە باس لە بابەتێکی تایبەت دەکرێت، لەنێویشیاندا (تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی، ژیریی دەستکرد، تەکنەلۆجیای دارایی و کارسازیی تەکنەلۆجیا).
فەرهەنگ برادۆستی گوتیشی: ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم لەسەر ستەیجی هایتێکس، "ئۆپێن سپەیس ئەکادیمی فاڵینگ واڵز لاب"ـی هەولێر بە هەماهەنگیی زانستیی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەددین، ڕێک دەخات. "فاڵینگ واڵز لاب"ـی هەولێر پلاتفۆرمێکی ناوازەیە بۆ ئەوەی قوتابی و خاوەن کارەکان بیرۆکەی داهێنەرەکانیان تەنها لە ماوەی سێ خولەکدا پێشکەش بکەن. ئەم چالاکییە دەرفەتێکی نایاب و ناوازەیە بۆ پیشاندانی ئەو بیرۆکە داهێنەرانەی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر زانست و کۆمەڵگە هەیە.
سەرپەرشتی پێشانگەکە ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمساڵ جارێکی دیکە، بە شێوازێکی گەورەتر و بە پشتگیریی زیاتری کۆمپانیاکان، بەرنامەی ئەستێرەکانی داهاتووی هایتێکس بۆ هایتێکس2024 دەست پێ دەکەینەوە. ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتی خاوەنکارەکان دەدات بەرەو پێش بچن. خاوەنکارەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە لە یەک شوێندا کۆ دەبنەوە بۆ هاوبەشیی و ناساندنی کارەکانیان لەگەڵ هەزاران ئامادەبوو. بەشێکی درەوشاوەی هایتێکس بۆ خاوەن پرۆژە گەنجەکان تەرخان دەکرێت".