چوار بەشی نوێی زانستی لە زانکۆی ئاکرێ دەکرێنەوە
بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، چوار بەشی نوێی زانستی لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەکرێنەوە، یەکێکیان جاری یەکەمە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
دووشەممە، 02-09-2024، پ. د. مەنهەل ئیلهام عەبدال، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ کردنەوەی چوار بەشی نوێی زانستی بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس لە زانکۆکەیان وەرگیراوە "یەکێکیان جاری یەکەمە لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە".
چوار بەشە نوێیە زانسیتییەکە بریتین لە:
1. بەشی پەرستاری.
2. بەشی ئەندازیاری بیناسازیی و بەڕێوەبردنی پرۆژەکان.
3. بەشی ژمێریاریی لە کۆلێجی تەکنیکی ئاکرێ.
4. بەشی زیرەکیی دەستکرد لە کۆلێجی تەکنیک و ئیفۆرماتیکی ئاکرێ.
سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ باسی لەوەش کرد، بەشی ئەندازیاری بیناسازیی و بەڕێوەبردنی پرۆژەکان، بۆ جاری یەکەمە لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە. وەکو خۆی ئاماژەی پێ دا،هاوئاهەنگییان لەگەڵ وەزارەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە و بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، قوتابییان لەو چوار بەشە نوێیە زانستییە وەربگرن.
پ. د. مەنهەل ئیلهام جەختیشی لەوە کردەوە، پلانیان هەیە لە ئاییندەدا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستیی زانکۆی ئاکرێ، چەندان بەشی دیکەی نوێی زانستی بکەنەوە.
زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، ڕۆژی سێشهممه 11-07-2023، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە؛ لە سێ کۆلێج، دوو پەیمانگا و 24 بەش پێک دێت.
کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ، یەکێک بوو لە داخوازییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە و بە دەستکەوتێکی گرنگی كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له بواری خوێندنی باڵادا دادەنرێت.