سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: تا 30 ساڵی دیکە، هەولێر تووشی کێشەی کەمئاوی نابێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەیەکی ئاوی دانا، بەهۆیەوە "پارێزگای هەولێر تاوەکوو نزیکەی 30 ساڵی دیکە تووشی کێشەی کەمئاوی نابێت". ڕوونیشی کردەوە، بەشێکی لایەنەکان، کێشەکەیان کردووەتە "کەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی".

بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا.

پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.

"یەکێکە لە پێویستیترین و گرنگترین پرۆژەکانی کوردستان"

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا پرۆژەکەی بە "یەکێک لە پێویستیترین و گرنگترین پرۆژەکانی کوردستان" ناو برد و گوتی، "بە قەبارەیەک ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر، تاوەکو نزیکەی 30 ساڵی دیکە، هەولێر کێشەی کەمئاوی نابێت. داوام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەکەکانیش ڕێک بخرێتەوە تاوەکوو بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، بتوانرێت ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر بگەیەندرێت".

 

 

مەسرور بارزانی گوتی، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، "لەلایەن کۆمپانیای باوەڕپێکراوی ناوخۆ، واتا هێمن گرووپەوە جێ بەجێ دەکرێت. تا ئێستا کارەکانیان لە ڕووی کواڵێتی و خێرای جێگەی پەسەند بووە، تا ئێستا خۆم دوو جار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزاین و جێبەجێکردنی پرۆژەکەم کردووە و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆژە گرنگەیە. لەو باوەڕەیەدام پرۆژەکە لە ماوەی کاتێکی گونجاودا دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێردا".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "هەولێری پایتەخت چەندان ساڵە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی هەیە، چەندین ساڵ بوو، بڕیار بوو کۆمپانیایەکی بیانی، پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست هەنگاوی کردەیی بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکە بنێت؛ بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای کۆرۆنا، وێڕای هەموو گرفت و کۆسپەکان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگا پەیوندیدارەکانم ڕاسپارد، بە زووترین کات ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. لە دوا هەنگاودا، بڕیارم دا ئەم بابەتە چی تر دوانەکەوێت و داوام کرد ئەم پرۆژەیەی ئێستا وەکو پرۆژەیەکی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەی کێشەی کەمئاوی پایتەخت دەست پێ بکات".

 

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد "لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ كێشەی کەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کێشەکە چارە بکەن، بەڵام بەداخەوە، هەندێک لایەن هەوڵیان دا کێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەکانی خەڵک، بکەن بە کەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی کەمئاوی بە چەند تانکەرێکی ئاو چارە ناکرێت، بەڵکوو پێویستە پرۆژەیەکی وەکوو ئەمە بخرێتە گەڕ کە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر".

 

دوو پرۆژەی دیکە لە سنووری هەولێر جێ بەجێ دەکرێن

مەسرور بارزانی ڕوونیشی کردەوە، داوای کردووە پرۆژەیەکی دیکەی ئاو بۆ سنووری قۆشتەپە و گوندەکانی دەوروبەری دەست پێ بکرێت کە ئاو لە زێی بچووک دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە. وەکو خۆی گوتی: بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەش سەدان بیری ئاو دادەخین؛ ئەمەش دەبێتە هۆیەک بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی.

سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستە ڕوو، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاو بکرێت "واتا کار بۆ بەکارهێنانەوەی ئەو ئاوە بکرێت کە لە شاری هەولێر دەردەچێت؛ بەم ڕێگەیەش ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین و هەمیش ئاوەکە بۆ بواری پارک و سەوزایی بەکار دەهێندرێتەوە".

 

 

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "هەست بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دەڤەرەکەمان دەکەین، بۆیە لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستکردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیاواز کردووە؛ لەم هەنگاوانەمان بەردەوام دەبین تاوەکوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بدەین".

مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت "پەرە بە فەرهەنگ و هۆشیاریی چۆنییەتی بەکارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ یەک تاکەکەس لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە، بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵکیش ڕەچاوی ئەوە بکەن، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکەن".

 

دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن.

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی یەكێك لە پێویستترین و گرنگترین پرۆژەكانی كوردستان. شاری هەولێری پایتەخت چەندەها ساڵە لە وەرزی هاویندا كێشەی كەمئاوی هەیە. چەندین ساڵە بڕیار بوو كە كۆمپانیایەكی بیانی پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست، هەنگاوی كردەیی بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە بنێت. بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای كۆرۆنا و وێڕای هەموو گرفت و كۆسپەكان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگاكانی پەیوەندیدارم راسپارد كە لە زووترین كاتدا ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. بۆیەش لە دوا هەنگاودا بڕیارم دا كە ئەم بابەتە چیتر دوانەكەوێت و داوام كرد ئەم پرۆژەیەی ئێستا وەك پرۆژەیەكی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاویی پایتەخت دەست پێ بكات.

لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانی چەندین گەڕەكی هەولێر بووم كە گرفتی كەمئاوییان هەبوو. پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان دا تاكوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن. بەداخەوە هەندێك لایەن هەوڵیان دا كە كێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەكانی خەڵك بكەن بە كەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە پرۆژەیەكی وەك ئەمە بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر.

ئەم پرۆژەیە بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەمئاوی نامێنێت. داوام كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكانیش رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر بگەیەندرێت.

هەروەها بڕیارم داوە پرۆژەیەكی دیكەی ئاو بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دەستپێبكرێت، كە ئاو لە زێی بچووك دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەش، بە سەدان بیری ئاو دادەخەین، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها داوام كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پرۆژەی ریسایكلی ئاو، واتە بەكارهێنانەوەی ئەو ئاوە بكرێت كە لە شاری هەولێر دەردەچێت، بەم جۆرەش هەم ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین، هەمیش ئەو ئاوە بۆ بواری پاك و سەوزایی بەكار دێتەوە.

ئێمە هەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر دەڤەرەكەمان دەكەین، بۆیەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستكردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیا كردووە و لەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبین تاوەكوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت پەرە بە كەلتوور و هۆشیاریی چۆنیەتیی بەكارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو بۆ یەك تاكەكەس لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە. بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵكی رەچاوی ئەوە بكەن كە زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەن.

بەڕێزان ئەم پرۆژەیە بە سوپاسەوە لە لایەن كۆمپانیای باوەڕپێكراوی ناوخۆ واتا (هێمن گرووپ) جێبەجێ دەكرێت كە تا ئێستا كارەكانیان لە ڕووی خێرایی و كوالێتی جێگەی پەسەند بووە. تا ئێستا خۆم دووجار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزایین و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكەم كردووە و بەردەوامیش دەبم لە بەدواداچوونی كارەكانی ئەم پرۆژە گرنگە، لەو باوەڕەشدام كە لە كاتێكی گونجاودا ئەم پرۆژەیە دەخرێتە خزمەتی پایتەختی هەرێمی كوردستان.

ئێستاش كە لە ڕێگە دەهاتین، من ئەم هەموو ئامێرانەم بینی، دەزانم كە بە شێوەیەكی بێوێنە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دەستی داوەتە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بتوانین كێشەی كەمئاویی هەولێر جێبەجێ بكەین و ئەو پرۆژەیە ئینشائەڵا لە ماوەیەكی كورتدا تەواو دەبێت و خەڵكی هەولێری خۆشەویست سوودمەند دەبن لە بەكارهێنانی ئاو و چیتر خەمی كەمئاوییان نابێت.

جارێكی دیكە سوپاسی هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەم، هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.