کاروان سەباح: هاوینی داهاتوو کێشەی کەمئاویی لەهەولێر بەتەواوی چارە دەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەهاوینی داهاتوو، ڕۆژانە ملیۆنێک و 100 هەزار مەتر سێجا، ئاوی پاک دەگاتە ناو شاری هەولێر.

د. کاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بو کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، خاڵێکی وەرچەرخانە لە بواری پرۆژەکانی دابەشکردنی ئاوی خاوێن لە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: هەرسێ ئیفرازەکە لەگەڵ هەموو ئەو بیرانەی کە لێدراون، ڕۆژانە نزیکەی 600 هەزار مەتر ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکەن، بەڵام ئەو پرۆژەیە بەتەنیا ڕۆژانە نزیکەی 500 هەزار مەتر ئاو بەرهەم دەهێنێت.

کاروان سەباح ئاماژەی بەوەش دا "بە گوێرەی ستانداردی جیهانی کە 250 لیتر ئاو بۆ هەرکەسێکە لە ڕۆژێکدا، ئەوە ئەو پرۆژەیە دەتوانێت ئاو بۆ نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار کەس دابین بکات، ئەوە جگە لەوەی ئیستا هەولێر 600 هەزار مەتر ئاوی بۆ دێت، بۆیە لە هاوینی داهاتوو بەهەردووکیان واتە " 500 هەزار و 600 هەزار مەتر ئاوەکە" ڕۆژانە ملیۆنێک تا ملیۆنێک و 100 هەزار مەتر ئاوی سێجا دەگاتە ناوشاری هەولێر".

باسی لەوەش کرد، ئەو ئاوەی ئێستا دەدرێت بە هاووڵاتیان دەکرێت کەم نییە، بەڵام کێشەمان لە دابەشکردن هەیە، هەر لەبەر ئەوە ئەو پرۆژەیە بەتەواوی کیشەکان چارە دەکات، دەشڵێت: پێشبینی دەکەم ئەو کێشانەی ئەمساڵ و پار هەمان بووە، لە هاوینی داهاتوو دووچاری ئەو کێشانە نابینەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا.

پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانی چەندین گەڕەكی هەولێر بووم كە گرفتی كەمئاوییان هەبوو. پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان دا تاكوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "بەداخەوە هەندێك لایەن هەوڵیان دا كە كێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەكانی خەڵك بكەن بە كەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە پرۆژەیەكی وەك ئەمە بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێ".

ئەم پرۆژەیە، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەمئاوی نامێنێت. داوام كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكانیش رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر بگەیەندرێت".