نازم دەباغ: پزیشکیان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەچوارچێوەی سەردانەکەی خۆی بۆ عێراق، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
میدیای فەرمی ئێرنای ئێران بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان، ڕۆژی چوارشەممە وەک یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی، دەگاتە عێراق و یاداشتی ئەمنی ئیمزا دەکات، وەک بڕیاڕە پزیشکیان سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.
یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، میدیای فەرمی ئێرنای ئێران ئاشکرای کرد، ڕۆژی چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، مەسعود پزیشکیان دەگاتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و یاداشتنامەی ئەمنی ئیمزا دەکەن.
ئێرنا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی مەسعود پزیشکیان بدەبێت بۆ دەرەوەی وڵات کە پێشتر گوتبووی دەیەوێت لەپێشینە بدات بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا محەمەد کازم ئەلسادق لە کۆتایی مانگی ئابدا ڕایگەیاند کە، پزیشکیان لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی سەردانی عێراق دەکات.
نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە، 11-09-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات و دواتر سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
شەممە 31ـی ئابی 2024، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند: لەیەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، بۆ عێراق و شاری نەجەف دەبێت بۆ سەردانیکردنی مەزارگەی ئیمام عەلی.
بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی فەرمیی ئێران و پێشکەشکار و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئێران، محەممەد حسێن ڕەنجبەران، پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە "مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران یەکەم وێستگەی سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ عێراق دەبێت و پەیامێکی گرنگیش دەبێ ناوچەکە و ئیسرائیل"