41 باخەوان و هەنگەوان بەشداریی 17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوینی دهۆک دەکەن
11ـی ئەم مانگە 17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین، بە بەشداریی 41 باخەوان و هەنگەوان لە شاری دهۆک بەڕێوە دەچێت.
دووشەممە، 09-09-2024، موسڵیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوە دەچێت.
بە گوتەی موسڵیح حەسەن، پێشانگاکە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، 11-09-2024، لە فامیلی مۆڵی دهۆک؛ بە بەشداریی 20 باخەوان و 21 هەنگەوان بەڕێوە دەچێت.
ئامانج لە کردنەوەی پێشانگاکە، وەکو ئەوەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک باسی کرد، پشتیوانیی کەرتی تایبەت و بەرهەمە خۆماڵییەکان و پیشاندانی بەروبوومی جووتیارانی پارێزگای دهۆک و پارێزگاکانی دیکە هەرێمی کوردستان و بە بازاڕکردنیانە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، لە 17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین، زیاتر لە 50 جۆری ترێ پیشان دەدرێن. ئەوەشی خستە ڕوو، پێشانگاکە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە "جووتیارانمان و جووتیارانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان یەکدی بناسن و زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن".
ساڵی ڕابردوو، 20ـی ئەیلوولی 2023، 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە گۆڕەپانی فامیلی مۆڵی دهۆک بە بەشداریی 20 هەنگەوان و 20 باخەوان بەڕێوە چوو.
بەرهەمی ئەمساڵی ترێ لە سنووری دهۆک
بە گوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوکاڵی پارێزگاری دهۆک، بەرهەمی ئەمساڵی ترێ لە سنووری پارێزگاکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سەدا 20 زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 60 هەزار تۆن.
بەرهەمی ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردووی ترێ لە سنووری پارێزگای دهۆک:
2018: 59 هەزار و 200 تۆن
2019: 70 هەزار و 450 تۆن
2020: 53 هەزار و 846 تۆن
2021: 49 هەزار و 454 تۆن
2022: 55 هەزار و 395 تۆن
2023: 48 هەزار و 150 تۆن
بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین لە سنووری دهۆک
بە گوێرەی داتاکان، پێچەوانەی بەرهەمی ترێ، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە سنووری پارێزگای دهۆک کەمی کردووە و زۆری ڕێژەی باران و نالەباری کەشوهەواش بە هۆی سەرەکی ئەو کەمبوونەوەیە دادەنرێت.
ساڵی ڕابردوو، بەرهەمی هەنگوین لە سنووری پارێزگای دهۆک 127.077 تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ لەو ژمارەیە کەمتر بێت.
بەرهەمی چەند ساڵی ڕابردووی هەنگوێن لە سنووری پارێزگای دهۆک:
2018: 194.674 تۆن
2019: 218.431 تۆن
2020: 227.871 تۆن
2021: 132.947 تۆن
2022: 290.466 تۆن
2023: 127.077 تۆن