دیبەیتەکەی هاریس و ترامپ فاکتەری یەکلاکەرەوە دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا
کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، هەردوو پاڵێوراوی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ و کامالا هاریس، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە دیبەیتێکی تەلەفزیۆنیدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
هەردوو کاندیدەکە، دۆناڵد ترامپ و کامالا هاریس، ڕۆژی سێشەممە، بۆ یەکەمجار لەبەردەم ملیۆنان ئەمەریکی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، دیبەیتەکەش لە لایەن کەناڵی 'ABC'یەوە پەخش دەکرێت، ئەمەش دوای دیبەیتی جۆو بایدن و ترامپ دێت کە لە 27ـی حوزەیران کردیان، کە یەکێک بوو لەو هۆیانەی بایدن لە کاندیدایی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بکشێتەوە.
کاندیدبوونی هاریس بووە هۆی یەکخستنەوەی دیموکراتەکان، ئێستاش ڕووبەڕووی کەسێک دەبێتەوە کە بە "شێت" وەسفی کردووە، هەروەها هاریس لە ڕاپرسییەکاندا پێش ترامپ کەوتووەتەوە، یەکەم ئافرەتی ڕەشپێست و باشووری ئاسیایە کە وەک جێگری سەرۆک کار دەکات.
پێشبینی دەکرێت ترامپی تەمەن 78 ساڵ، لە دیبەیتەکەدا ڕێگەیەکی شەڕانگێزانە بەکار بهێنێت، بەتایبەت بە کشانەوەی بایدن دەبێتە بەتەمەنترین کاندید لە مێژووی ئەمەریکادا.
ئیرین کریستی لە کۆلێژی پەیوەندی و زانیارییەکان لە زانکۆی ڕوتگێرز گوتی: دیبەیتەکە زۆر بەسوود دەبێت و ڕەنگە فاکتەری یەکلاکەرەوە بێت لە هەڵبژاردنەکاندا.
دەشڵێت: ئەوەی بابەتەکە زیاتر دەوروژێنێت، ئەوەیە کە دیبەیتەکە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەڕێوە دەچێت، کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکاتەوە.
ساتێکی یەکلاکەرەوە
بۆچوونەکان جیاوازن لەسەر ئەوەی کە تا چەند دیبەیتەکە کاریگەرییان لەسەر ڕاپرسییەکان هەیە، گومانی تێدا نییە کە هەندێک جار دەتوانن ببنە هۆی بوومەلەرزەی سیاسی.
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر کشانەوەی بایدن تێدەپەڕێت و گوتەبێژەکەی کارین جان پیێر، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە بەدواداچوون بۆ دیبەیتەکە دەکەن.
وگتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "جێگری سەرۆک زیرەکە، کەسێکە دەزانێت چۆن کارەکە بکات"، بۆیە دەکرێت ساتێکی یەکلاکەرەوە بێت لە پێشبڕکێی کۆتاییدا.
سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەردووکیان هەمان ئامانجیان دەبێت، ئەویش ڕازیکردنی ئەو کۆمەڵە دەنگدەرەیە کە تا ئێستا بڕیاریان نەداوە دەنگ بدەن.
ڕیبێکا گەیڵ، مامۆستای زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی نیڤادا لە لاس ڤێگاس دەڵێت: هاریس دەبێت بەرەنگاریی ئەو وێنە ڕەگەز پەرستیانە ببێتەوە سەبارەت بە "ئافرەتانی ڕەشپێست ".
ئەندرۆ کۆنیسێڤسکی، سکرتێری پێشووی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت: ڕەنگە ئەم دیبەیتە لە کتێبەکانی مێژوودا تۆمار بکرێت.
ناڕوونی لە دەوری هەڵوێستی جۆرج بوش دایە
لە لایەکی دیکەوە و لە چوارچێوەی پرۆسەی کۆکردنەوەی کەسایەتییە سیاسییە دیارەکان کە قورسایییەکی بەرچاوییان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، جۆرج بوش سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا کە سەر بە پارتی کۆمارییە، بەنیازی ئەوە نییە بە ئاشکرا پاڵپشتی خۆی بۆ کاندیدێک ئاشکرا بکات.
سەرچاوەیەک کە داوای کردووە ناوی بڵاو نەکرێتەوە، گوتی: جۆرج بوش، ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر وازی لە هەر جۆرە سیاسەتێکی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، هێناوە.
ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دیک چێنی، جێگری جۆرج بوش بووە ڕایگەیاند، کە ڕەوتەکانی حزبایەتی ڕەت دەکاتەوە و دەنگی خۆی دەداتە کاندیدی دیموکراتەکان، کامالا هاریس، نەک کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترامپ.
بڕیارە 5ـی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت.