مەسرور بارزانی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق: گرنگە پرۆژەی "هەژماری من" بەردەوام بێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران "تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی بواری بانکی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە پرۆژەی (هەژماری من) کرد کە تا ئێستە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی تۆمارکراون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا مووچەی دووسەد هەزار کەس لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە بدرێت".

هەردوولا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پڕۆژەکە و پشتیوانیی و چاودێریی بانکی ناوەندی".

سەرۆکی حکوومەت "سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندیی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی تایبەتی خۆی لە 'هەژماری من' و چاکسازییە بانکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها باسی لە گەشەکردنی خواستی دامەزراوە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەماهەنگی و پشتگیریی لە ستراتیجیی حکوومەتی هەرێم لە بواری داراییدا کرد".

خێراترکردنی گشتگیریی دارایی لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئامانجە ستراتیجییەکانی بانکیی ناوەندیی عێراق و هەنگاوەکانی بە دیجیتەڵکردنی بانکەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

Fly Erbil Advertisment