ئەکرەم ساڵح: لە دوای کارەساتی 16ـی ئۆکتۆبەر کورد پۆستە ئیدارییەکانی دیالەی لە دەست دا

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان

بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان ڕایگەیاند، لە دوای کارەساتی 16ـی ئۆکتۆبەر، هەلومەرجیکی تازە هاتنە پێشەوە لەم ناوچانە، هەموو ئەو دەسەڵاتانەی بەدەست کوردەوە بوون لە دەست دران.

دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024، ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003، کورد بە شێوەیەکی زۆر باش توانیویەتی ئەو ناوچانەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا کە دەسەڵاتی لە دەستدا بوو، دەسەڵات بگرێتەوە دەست، بتوانێت لە ڕووی ئیداری ئەمنیی بۆ پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانە ئیدارەیەک دابمەزرێنێت کە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی خەڵکی ناوچەکە بکات.

ئەو بەرپرسە دەڵێت: ئەم ڕەوشە تاکوو هاتنی تیرۆرستانی داعشیش کە هێزەکانی پێشمەرگە بە خوێنی خۆیان بەرگرییەکی قارەمانانەیەن لەم ناوچانەدا کرد، تا ئاستێکی باش کورد هەستی بە دڵنیایی دەکرد و کورد خۆی بە خاوەنی ناوچەکە دەزانی بە پێکهاتەکانی دیکەش لە ناوچەکە کە هەبوون بە کورد و عەرەب و تورکمان، هەستییان بە ئارامی دەکرد لە ژێر حوکمڕانیی کورددا لەو ناوچانە؛ چونکە ئەوکاتەی دەسەڵات بەدەست کورد بوو، جۆرێک لە دادپەروەری لە بەڕێوەبردن هەبوو.

دەشڵیت: کێشە و گرفتەکان لە ڕووی نەتەوەیی یاخود ئایینییەوە نەبوو، بەڵام دوای کارەساتی 16ـی ئۆکتۆبەر، هەلومەرجیکی تازە هاتنە پێشەوە لەم ناوچانە، هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لەو ناوچانە بە دەست کوردەوە بوون، لە دەست دران. بە پێی بەرنامەیەکی داڕێژراوی حکوومەتی عێراقی کە هەموو ئەو پۆستە ئیدارییانەی کە بە دەستی کوردەوە بوو، بەدەستییەوە نەما لە مەندەلی، سەعدییە، جەلەولا، قەرەتەپە،  جەبارە و  حەمرین،  ئەمانە هەمووی بەدەستی کوردەوە بوون و زۆری دانیشتوانەکانیشی کورد بوون.

ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، کە دوای ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە تێکچوو لە دوای  16ـی ئۆکتۆبەری 2017، دەسەڵاتێکی خۆسەپێن لە ناوچەکەدا خۆی سەپاندووە، ئەوەش وای کردووە کە هاوولاتییانی کورد لەو ناوچانە هەست بە دڵنیایی نەکەن.

ئەوەشی خستە ڕوو، لە ئەنجامی نەبوونی دڵنیایی و بێدەسەڵاتیی ئەو ناوچانە، کورد لەو ناوچانە کورد وردە وردە کۆچ دەکەن بەرەو هەرێمی کوردستان، عەرەب بەرەو هەڵکشان دەچن و لەو ناوچانە نیشتەجێ دەبن.

ئەکرەم ساڵح ڕاشیگەیاند، ئێستە لە مەندەڵی تا دەگاتە خورماتوو داقووق، جگە لە ناوەندی خانەقین، هیچ پۆستێکی ئیداری و ئەمنیی  بەدەست کوردەوە نییە لەم ناوچانە. هەموو ئەو پۆستانە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی شۆڤێنی دژە کورد بەڕیوە دەبرێن، ئەوەش وایکردووە ناوچە کوردییەکان فەرامۆش کراون لە ڕووی خزمەتگوزاری و لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە ناپارێزرێن، بۆیە خەڵکی ئەو ناوچانە لە ئەنجامی هەست بە مەترسی و گوشار کە ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خەڵکی ئەم ناوچانە هەیە، ناوچەکە چۆڵ دەکەن و بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ بکەن.