تاجیکستان ڕیش و باڵاپۆشی قەدەغە دەکات

ڕۆژنامەی نیویۆڕک تایمزی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، تاجیکستان هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ سەر موسڵمانانی وڵاتەکەی دەست پێ کردووە ڕیشی درێژ و باڵاپۆشی قەدەغە کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە تاجیکییەکان بە هێرشێکی تیرۆریستی لە مۆسکۆ تۆمەتبار کران.

لەمانگی ئاداری ڕابردوو، هێرش کرایە سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ، بەهۆیەوە 145 کەس کوژران و زیاتر لە 500 کەسیش بریندار بوون، دواتر چەند کەسێکی تاجیکی بەو تۆمەتە دەستگیر کران.

ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە چیرۆکی کچێکی تەمەن 27 ساڵی تاجیکی دەگێڕێتەوە کە دەڵێت: بینیویەتی بەرپرسانی ناوچەکە لە دەرەوەی چێشتخانەیەک لە دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان مەقەسێکیان بەدەستەوە بووە و ڕیشیی کەسێکیان بڕیوە.

ئەو کچە بە ڕۆژنامەکەی گوت: چەند جارێک دەستگیر کراوە تا ئەو کاتەی بڕیاری داوە دەستبەرداری باڵاپۆشیەکەی بێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر پیشەکەی نەبێت.

حکوومەتی تاجیکستان بە سەرۆکایەتیی ئیمام عەلی ڕەحمان، کە زیاتر لە سێ دەیەیە لە دەسەڵاتە، لە 2007ەوە باڵاپۆشی لە قوتابخانەکان قەدەغە کردووە، هەروەها لە ساڵی 2009ەوە باڵاپۆشی لە دامەزراوە گشتییەکانی تاجیکستان قەدەغە کردووە.

بەگوێرەی ڕادیۆی لیبەرتی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە زۆرینەی موسڵمانە، کە ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی 10 ملیۆن کەسە، ڕەشنووسی هەموارکردنی یاسای "نەریت و ئاهەنگەکان"ی پەسەند کرد کە لەبەرکردنی "جل و بەرگی نامۆ بە کولتووری تاجیکستان" قەدەغە دەکات، کە زاراوەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ وەسفکردنی جلوبەرگی ئیسلامی بەکار دێت.

هەروەها لە هەموارکردنەکاندا هاوردەکردن و فرۆشتن و ڕیکلامکردنی ئەو جلوبەرگانەش قەدەغە کراوە.

سزای دارایی گەورە لە نێوان 660 دۆلار بۆ 1400 دۆلار بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت، کە سەرپێچی ئەم یاسایانە دەکەن، ئەمەش فشار لەسەر دانیشتووانی ئەو وڵاتە دروست دەکات، کە بەدەست هەژاری و بێکارییەوە گرفتارن.

بەپێی ڕادیۆ لیبەرتی، حکوومەتە ناوخۆییەکان هێزی تایبەتیان دامەزراندووە بۆ بازاڕەکان تاوەکو سەرپێچیکاران دەستگیر بکەن.

 

Fly Erbil Advertisment