بوڵتەنی عەرەبی: ڕووماڵێکی گشتگیر لە کۆبوونەوە ئابووریەکانەوە تا پڕۆژە گەورەکان دەکات
بوڵتەنی عەرەبی کوردستان24، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕووماڵێکی گشتگیر لە کۆبوونەوە ئابووریەکانەوە تا پڕۆژە گەورەکان دەکات.
بوڵتەنی عەرەبی لە چوارچێوەی ڕووماڵکردنی دیارترین چالاکی و دەستکەوتە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی بۆ دوایین پێشهاتەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 9 ی ئێوارە بوڵتەنێکی هەواڵیی گشتگیر پێشکەش دەکات کە باس لە دوایین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
له ڕووماڵکردنی کۆبوونەوەی وەزاری ئابووری هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا له هه ولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دیارترین ناکۆکییەکانی نێوان به غدا و هەولێر دەکات له ڕووی داراییەوە، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەوبارەیەوە دەخاتە ڕوو، هەروەها لێدوانی تایبەت لە ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەردەگرێت سەبارەت بە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە.
بوڵتەنی هەواڵەکان بەزمانی عەرەبی کە فەرید ئیدوار و مەروە ئەلسەوادی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی کوردستان24 پێشکەشی دەکەن، ئاماژە بە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو لە هەولێر دەکەن، لەگەڵ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە دهۆک و سۆران،هەروەها تیشک دەخەنە سەر کردنەوەی سەنتەری چاکسازیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و دامەزراندنی نەخۆشخانەی دەروونی و دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر لێقەوماوانی ئاگرکەوتنەوەکە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر.
بوڵتەنەکە، ئاماژە بە سووتانی زەوی کشتوکاڵی جووتیارانی دهۆک دەکات لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەروەها ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر پیشە دەستییەکان هەورامان پێشکەش دەکەن.
بوڵتەنی عەرەبی، باسی کێشەی بێکاری و بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە عێراق دەکات، لەگەڵ هێرشکردنە سەر کارمەندانی تەندروستی.
هاوکات بەڵگە فیلمی "بریسکەی شارستانیەت" لەخۆ دەگرێت کە تێیدا باس لە دۆزینەوە نوێیەکان دەکات لە کاتی هەڵکۆڵین لە گوندی چەرمۆ ئاشکرا کراون.