مایڵز کاگینز: پێشبینی دەکەم بۆ چەند ساڵێکی دیکە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە
توێژەرێکی باڵا لە پەیمانگای هێڵەکانی نوێی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێشبینی ئەوە دەکەم تا ساڵانی 2025 تاکوو 2027، هێزەکان بەردەوام بن لە عێراق، هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر بانگهێشتکردنی حکوومەتی عێراق لەو وڵاتەن.
سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، مایڵز کاگینز، توێژەری باڵا لە پەیمانگای هێڵەکانی نوێ لە ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە ڕاپۆرتەکانمان لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکان بینیووە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات، بە ڕاشکاوی دەیڵێم هیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمیمان نەدیووە لە کۆشکی سپی یاخود لە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، کە باس لە کشانەوەی ئەو هێزانە بکات. ئەمەش بەو واتایە دێت کە دەبێت هەموومان چاوەڕێی ئەو ڕاگەیاندنە بین، لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە هەندێک ڕوونکردنەوە بخەمە ڕوو کە دەبێت ئێمە چاوەڕێی چی بکەین.
ئەو توێژەرە دەڵێت: ڕۆڵ و سیاسەت لەلایەن ئەمەریکا و عێراقەوە هەیە، ئێمە هەڵبژاردنێکی گەورەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکامان لە پێشە، هەروەها ئێمە ئەوە لەبەرچاو دەگرین لە پێشووتردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو لە ساڵی 2020 چەند دۆخێکی دروست کرد، هەروەها بڕیاری دا لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، ئەم پلانە لەلایەن سەرۆک بایدنەوە جێبەجێ کرا.
دەشڵیت: ئەگەر زیاتر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو کاتێک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتر لە عێراق گەڕایەوە، ئەم مەرجانە پێشتر لەلایەن ئیدارەی "بۆش"ەوە پێی ڕاگەیەنرابوو، ئەمە شتێکی بەردەوامە لە واشنتۆن. هەروەها هەموو سەرۆکەکان دەیانەوێت سەربازەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمێنن بگەڕێنەوە.
مایڵز گوتیشی: من پێشبینی ئەوە دەکەم تاکوو ساڵانی داهاتووی 2025 تاکوو 2027، هێزەکان بەردەوام بن، هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر بانگهێشتکردنی حکوومەتی عێراق لەوێن، هەمان ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکەن کە لەسەر ئاستی جیاواز ڕاوێژکاری، سەربازی، پشتیوانی کەرەستەی سەربازی و ڕاهێنان دەکەن لە ڕێگەی هاوپەیمانانەکانمانەوە بۆ هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە.
باسی لەوەش کرد، ئەمەریکا و عێراق گۆڕان دەکەن بۆ پەیوەندییەکی دووقۆڵی، وڵاتانی هاوپەیمانیش بەهەمان شێوە بۆ ئەو پەیوەندییە گۆڕان دەکەن، ئەمەش بەو واتایە دێت، هەر وڵاتێک ڕێکخستنی سەربەخۆی تایبەتی خۆی دەبێت لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و هەولێر بۆ بەردەوامی هاوپەیمانییەتی و مانەوەیان لەو وڵاتە. بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری و هاندانیان.
مایڵز کاگینز ڕاشیگەیاند "ئەو وڵاتانەی وەک ئیتاڵیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەمەریکا و ئیسپانیاو ئەڵمانیا، هەموو ئەو وڵاتانەی دیکە پەیوەندییەکی پتەوی سەربازییان هەیە و کاریگەرییەکی بەهێزییان هەیە لەسەر هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە. ئەم جۆرە پەیوەندییە وا لە وڵاتانی دەرەوە دەکات زیاتر پشتیوانیی ئەو دوو هێزە بکەن".