تەرمی ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناراوەکانی تونس دۆزرانەوە

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی دادوەریی تونس ڕایگەیاند، تەرمی شەش کۆچبەر کە لەنێویاندا منداڵێکی ساوا هەیە لە کەناراوەکانی ناوچەی مەنستێر لە تونس دۆزرانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2024 بەرپرسێکی دادوەریی تونس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، لە دوایین ڕووداوی خنکان لە دەریای ناوەڕاست، تەرمی شەش کۆچبەری ئەفریقی کە لەنێوایاندا منداڵێکی ساوا هەیە لە کەناروەکانی ناوچەی مەنستێر لە تونس دۆزرانەوە.

دادوەر فەرید جوحا لەبارەی ڕووداوی خنکانی کۆچبەران بە ئاژانسەکەی گوت: ئەو کۆچبەرە خنکاوانەی کە درەنگانی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە تەرمەکانیان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانەوە دەرهێنرایەوە، خەڵکی بیابانی باشووری ئەفریقان.

تونس لەمساڵدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران بووەتەوە و کارەساتی خنکانی کۆچبەران رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.

لە دوایین داتاکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیدا هاتووە، لە ساڵی ڕابردوودا، لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بە ڕێگەی نایاسایی، زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆچبەر، بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیان بێسەروشوێن بوونە.