دەستەی ژینگە پێشنیازێک دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران
دەستەی ژینگە بۆ ڕێگریی لە سووتانی دارستانهكان، پێشنیازێک دەداتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
شەممە، 14-09-2024، ڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ باشترکردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان؛ کابینەی نۆیەم، ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و بۆ ڕێگریی لە سووتانی دارستان و بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕێکارێکی گرتووەتە بەر.
بە گوتەی ڕەزاق خەیلانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هـەرێمی کـوردستان، ڕەزامەندیی داوە بۆ دانانی چوار وێستگەی پێوانەکردنی کوالیتیی ھەوا لە ھەولێر و بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتمەند کردووە.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە باسی لەوەش کرد، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی داوە لەسەر دامەزراندنی 30 فەرمانبەر بە گرێبەست بۆ فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران بە مەبەستی دەستبەکاربوونی فەرمانگەکە بۆ باشتر پاراستن و چاککردنی ژینگی دەڤەرەکە.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ ڕێگریی لە سووتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەکان، دەستەی ژینگە پێشنیازێک دەداتە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی بڕیارێک کە ھەر ڕووبەرێک لە دارستان کە دەسووتێت، ھەتا 15 ساڵ ڕێگە نەدرێت مامەڵەی پێوە بکرێت و نەھێڵدرێت ھیچ پڕۆژەیەکی لەسەر بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان کردووە، کاری پێویست بۆ ھەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لەسەر ھاوردەکردنی ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی بە ڕێژەی (100%) لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی برەودان بە ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان و ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ھایبرێد لە (کرێی تابلۆ) بدات.