بەردی بناغەی گهورهترین پۆند لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دانرا
پارێزگاری هەولێر، بە گوژمەی نزیکەی چوار ملیار دینار، بەردی بناغەی گهورهترین پۆندی لە سەر ئاستى ههرێمی كوردستان دانا.
ئەمڕۆ شەممە 2024.9.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەى دروستکردنى پۆندى بنەسڵاوە، گهورهترین پۆند لهسەر ئاستى ههرێمی كوردستان، دانا.
پۆندەکە بە گوژمەی سێ ملیار و 856 ملیۆن و 175 هەزار دینار، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی بەڕێوەبەرایەتىی ئاودێریی هەولێر و بەشێوەی بەڵێندەرایەتی دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕای دەستخۆشى لە ئەندازیار و تیم و سەرپەرشتانى پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر، جەختی لە تەواوکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە، کە بۆ شارى هەولێر پڕۆژەیەکى گرنگ و ستراتیجییە.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند "بە پاڵپشتی و پشتیوانیی ڕاستەوخۆى مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەى بایەخدانی کابینەی نۆیەم، بە کشتوکاڵ و ئاودێری و دروستکردنی بەنداو و پۆند و کەمکردنەوەى مەترسییەکانی دروستبوونى لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر چەندین پڕۆژە جێبەجێ کراون، کەبەشێکیان تەواو کراون و بەشێکیشیان لە قۆناغی تەواوکردندان، لە نێویاندا دروستکردنى "پۆندی بنەسڵاوە"یە کە گەورەترین پۆندە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و درێژی (360) مەترە و بەرزیەکەى (17) مەترە و توانای کۆکردنەوەی (3) ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی باران و کانیاوەکانی ھەیە".
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر "پۆندی بنەسڵاوە ڕۆڵی زۆری دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و دروستکردنی زهوی بهرئاو، جگە لەوەی ناوچهكەش لە مەترسی دروستبوونی لافاو دەپارێزێت، ناوچەکە دەکاتە ناوچەیەکی گەشتیارى و کەرتی گەشتیاریی لە دەڤەرەکە دەبووژێنێتەوە".