لە گەلەری میدیا پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکاری بۆ هونەرمەندانی کورد و عەرەب کرایەوە

لە گەلەری میدیا پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکاری بۆ هونەرمەندانی کورد و عەرەب کرایەوە
لە گەلەری میدیا پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکاری بۆ هونەرمەندانی کورد و عەرەب کرایەوە

لە وەرزێکی نوێدا کۆمەڵەی ریشە بۆ ڕەنگەکان لە جیهان، بە بەشداری 50 هونەرمەندی کورد و عەرەب  پێشانگایەکی شێوەکاری لە گەلەری میدیای هەولێر کردەوە.

لە پێشانگاکەدا چەندین تابلۆی ڕەنگینی هونەرمەندان نمایش کران، کە گوزارشت بوون لە پێشمەرگە و ڕابەری نەتەوەیی کورد سەرۆک "بارزانی" و خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و ناوچە دڵڕفێنەکانی هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی داستان و شۆڕشەکانی نێو کورد و عەرەب. 

هەروەها بەشێکیش لە تابلۆکان گوزارشت بوون لە جوانیی ژیان و چەند تابلۆیەکی تایبەتیش نمایشکرا بوون کە سەربوردەی عەشقێکی کۆن بوون و هونەرمەندان هەوڵیان داوە بە سەلیقەی جوانی خۆیان بە تابلۆیەک ئەو مێژووە تۆمار بکەن.

هونەرمەند "محەممەد خدر" وەک شێوەکارێکی بەشدار لەم پێشانگا نێودەوڵەتیەی "تکوین" بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کردنەوەی ئەم پێشانگا نێودەوڵەتیەی شێوەکاری لە هەولێر بە گرنگ دەزانم، چونکە دەبێتە دەروازەیەک بۆ کاری جوانتر و نەخشەدانان بۆ پڕۆژەی فراوان.

هونەرمەند محەممەد خدر گوتیشی: نمایشکردنی ئەو تابلۆیانە نیشاندانی ئەو داهێنانەیە، کە هونەرمەندانی لە هونەری ڕەنگدا پێشکەشیان کردووە و بەشێوەیەکی بەرچاو هەنگاونراوە بۆ بە جیهانی بوونی کارەکانمان لە بواری شێوەکاریدا، بەرهەمی هەر یەکێک لە بەشداربووانیش جیاوازە و من هەوڵمداوە زیاتر کار لەسەر سروشت بکەم و ڕووبار و دەریاچە و سروشته جوانەکەی کوردستانم ئاوێزانی ڕەنگەکان کردووە و لەم پێشانگایەدا نمایشم کردووە.

جێگەی باسە، پێشانگای "تکوین"ـی جیهانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شێوەکاری هەولێر کرایەوە و 70 تابلۆ و پۆرترێتی هونەرمەندانی کورد و عەرەبی لەخۆوە گرتبوو.

Fly Erbil Advertisment