بەسرە.. گەنجێک ئەندامانی خێزانەکەی کۆمەڵکوژ کرد

لە سێ مانگدا ئەمە چوارەمین حاڵەتی کۆمەڵکوژکردنی خێزانە لە عێراق تۆمار دەکرێت

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو گەنجێک بە دەمانچە ئەندامانی خێزانەکەی، کە لە چوار کەس پێکهاتوون، کۆمەڵکوژ کردووە .

سەرچاوەکە بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان ئاشکرا بکات، ئاماژەی داوە، لە ناوچەی قیبلەی باشووری ڕۆژئاوای شاری بەسرە گەنجەکە لە نێو ماڵەکەی خۆیاندا هەر چوار ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە، کە دایک و باوک و دوو منداڵن.

لەم سێ مانگی ڕابردوودا ئەمە چوارەمین ڕووداوی کۆمەڵکوژکردنی خێزانە لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار دەکرێت، لە 26ی تەممووزی 2024، لە ناوچەی عەنکوری پارێزگای ئەنبار، کەسێک بە دەستڕێژی کلاشینکۆف حەوت ئەندامانی خێزانەکەی کۆمەڵکوژ کرد.

هەروەها لە 21ی ئابی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە ناوچەی عەباسیەی باکووری سامەڕا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و دایکێک و پێنج منداڵیان کوشت. هەروا لە 28ی ئابی ئەم ساڵدا، لە حاڵەتێکی دیکەدا لە گەڕەکی عەسری شارۆچکەی بێجی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و ئافرەتێک و مێردەکەیی و کوڕە 10 ساڵانەکەیان کوشت و دواتر تەرمەکانیشیان سووتاند بوون.

پێشووتریش لە مانگی ئایار، لە گەڕەکی مۆزەفینی شارەدێی شەتولعەرەبی باشووری پارێزگای بەسرە، کەسێک بە کلاشینکۆف 12 ئەندامی خێزانەکەی کۆمەڵکوژ کرد و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێنابوو، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی بەڵگەوتاوان، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆرەوە بکوژ تاوانەکەی کردبوو.