پۆلیس وردەکاری نوێ سەبارەت بە ڕووداوی کوژرانی خێزانەکەی بەسرە ئاشکرا دەکات

فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە وردەکاری نوێی سەبارەت بە کوشتنی خێزانێک لەلایەن یەکێک کوڕەکانییەوە، ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو هەرزەکارێکی تەمەن 13 ساڵ بە هەڵە تەقەی لە خانەوادەکەی کردووە و باوک و براکەی کوشتووە و خوشکەکەی بریندار بووە" ئاماژەی بەوەش کردووە "دایکی ئەو هەرزەکارە ئەمڕۆ بەیانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی سپاردووە".

لە بەیاننامەکەی پۆلیسدا هاتووە "هێزە ئەمنییەکان تاوانبارەکەیان دەستگیر کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە". 

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندبوو، لە ناوچەی قیبلەی باشووری ڕۆژئاوای شاری بەسرە، گەنجێک لە نێو ماڵەکەی خۆیاندا چوار ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە، کە دایک و باوک و دوو منداڵن.

لەم سێ مانگی ڕابردوودا ئەمە چوارەمین ڕووداوی کۆمەڵکوژکردنی خێزانە لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار دەکرێت، لە 26ـی تەممووزی 2024، لە ناوچەی عەنکوری پارێزگای ئەنبار، کەسێک بە دەستڕێژی گوللـە حەوت ئەندامانی خێزانەکەی کۆمەڵکوژ کرد.

هەروەها لە 21ی ئابی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە ناوچەی عەباسیەی باکووری سامەڕا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و دایکێک و پێنج منداڵیان کوشت. هەروا لە 28ی ئابی ئەم ساڵدا، لە حاڵەتێکی دیکەدا لە گەڕەکی عەسری شارۆچکەی بێجی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و ئافرەتێک و مێردەکەیی و کوڕە 10 ساڵانەکەیان کوشت و دواتر تەرمەکانیشیان سووتاند بوون.

پێشووتریش لە مانگی ئایار، لە گەڕەکی مۆزەفینی شارەدێی شەتولعەرەبی باشووری پارێزگای بەسرە، کەسێک بە کلاشینکۆف 12 ئەندامی خێزانەکەی کۆمەڵکوژ کرد و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێنابوو، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی بەڵگەوتاوان، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆرەوە بکوژ تاوانەکەی کردبوو.