عەللاوی هۆشداری پەسندکردنی هەمواری یاسای باری کەسی دەدات

ئه‌یاد عه‌للاوی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی وه‌ته‌نییه‌
ئه‌یاد عه‌للاوی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی وه‌ته‌نییه‌

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كانی كردووه‌، هۆشداری ده‌دات له‌ لێكه‌وته‌كانی په‌سندكردنی هه‌مواری یاسای باری كه‌سی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌.

سێشه‌ممه‌، 17ـی ئه‌یلوولی 2024، ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌ ڕێگه‌ی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی خۆیه‌وه‌، په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كانی كردووه‌ و تێیدا هۆشداری ده‌دات له‌ لێكه‌وته‌كانی په‌سندكردنی هه‌مواری یاسای باری كه‌سی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌.

ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژی هه‌مواری یاسای باری كه‌سی، بۆ ڕێگریكردنه‌ له‌ تێكچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و پارچه‌پارچه‌بوونی ئه‌و وڵاته‌ و دابه‌شبوونی به‌سه‌ر مه‌زهه‌ب و تایه‌فه‌ی جیاواز جیاواز.

عه‌لاوی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سی، پێشێلكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی ئافره‌تان و منداڵان و خێزانی عێراقین كه‌ گه‌ره‌نتی كراون و ده‌بێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و ئاشووبێكی زیاتر.

ناوبراو هاوكات داوای له‌ وه‌قفه‌ ئایینییه‌كان كردووه‌، هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ یه‌ك بخه‌ن و ڕێگه‌ له‌ په‌رتبوونی كۆمه‌ڵگه‌ بگرن له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسی.

پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانتارانی عێراق كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ جۆرێك به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌دان و به‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران و له‌خۆگرتنی منداڵان له ‌دوای جیابوونه‌وه‌ داده‌نێن. به‌شێكیش هه‌مواره‌كه‌ به‌ بۆمبی چێنراو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ناو ده‌بن و داوای ڕاگرتنی هه‌مواره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

له‌و باره‌‌وه‌ ڕائید مالیكی، له ‌لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق پێی وایه‌ "گرنگترین ئه‌و بڕگانه‌ی هه‌موار ده‌كرێنه‌وه‌، ئازادیی ته‌واو بۆ‌ تاكی عێراقی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات". به‌گوته‌ی مالیكی "یاسا پێشنیازکراوەکە بڕگەکانی ماددەی 41ـی دەستوور جێبەجێ دەکات، کە تێیدا هاتووە: عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسیی خۆیانەوە، بە پێی ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕ، یان هەڵبژاردن و ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت".

سه‌باره‌ت به‌ به‌خێوكردنی منداڵ دوای جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، محهم‌مه‌د خه‌فاجی، له ‌لێژنه‌ی یاسایی گوتوویه‌تی، "ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ باره‌ی هه‌مواری یاساكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مادده‌ی 57ـی په‌یوه‌ست به‌ به‌خێوكردنی منداڵ." گوتیشی، هه‌مواره‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵكشانی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، پاراستن و دادپه‌روه‌ری بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.

هەروەها له ‌هه‌مواره‌كه‌دا پێشنیازی سه‌رپه‌رشتیی منداڵ، به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان دایك و باوك له ‌ژینگه‌یه‌كی هاوسه‌نگدا كراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌.