مووچە و ئیمتیازاتی یاسای نوێی شەهیدان لە بەرژەوەندی خانەوادەی شەهیدانی کوردستانە

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەموواری یاسای نوێی شەهیدانی عیراقی دا کە دوو بڕگەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەموواری یاسای نوێی شەهیدانی عیراقی دا کە دوو بڕگەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش، سەرجەم ئەو پێشمەرگە و ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان کە لەسنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان شەهیدبوونە، مووچە و ئیمتیازاتیان دەگوازرتێتەوە سەر دەزگای شەهیدانی عێراق و مووچەکانیان هاوتا دەکرێت و دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار .
هەروەها، سەرجەم ئەو شەهیدانەی لە رۆژی 8ـی شوباتی 1963 تاوەکو رۆژی 11ـی ئابی 1963، پاشان ئەو شەهیدانەی لە رۆژی 17ـی تەمووزی 1968تا رۆژی 8ـی نیسانی 2003 لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و وارسەکانیان نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن،، سەرجەمیان ئیمتیازاتیان وەکو ئیمتیازاتی دەزگای شەهیدانی عیراقی لێدێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ درا لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان، لە یاساکەی پێشوودا شەهیدانی شەڕی داعش کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکان بوون هیچ ئیمتیازێکیان نەبوو، ئێمە ئەمڕۆ دوو بڕگەمان بۆ یاساکە داخیل کرد، هەردوو بڕگەکە دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانن سەرجەم ئیمتیازەکان دەیانگرێتەوە.
هاوکات گوتی: کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش لە کرێ خوێندنیش داشکاندنیان بۆ دەکرێت و مووچە شەهیدانەشیان بۆ زیاد دەکرێت.
لەبارەی پرسی گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان، شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێت: فراکسیۆنە شیعییەکان لەگەڵ ئەوەبوون ئەو پرۆژەیە چۆن لە حکوومەت هاتووە ئاواش تێپەڕێندرێت، بەڵام سووننەکان لەگەڵیدا نەبوون.
ناوبراو ڕوونیکردەوە، دەستکاری پرۆژەکەیان کرد بە شێوەیەک کە هیچ کێشەیەک لەسەر زەوی جووتیاران نەمێنێت. گوتیشی: ئەم شەو کاتژمێر 9 لەسەر پرسەکە لەگەڵ فراکسیۆنە شیعی و سوننییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆ دەبینەوە.