وەزیری تەندروستی: لە سەدا 40ـی نەخۆشانی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی هاووڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن

"حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 285 ملیار دینار بۆ دەرمانی شێرپەنجە خەرج کردووە"

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دانا.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتاری مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان گوتی: ئاشکرایە گرفتی شێرپەنجە لە جیهاندا گرفتێکی گەورەیە، هەروەها بووەتە لێکەوتەی چەندین ڕەهەندی ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا ڕەوشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی عێراق بەستانداردی نێودەوڵەتییەکان دەڕوات، شێر پەنجە لەهەرێمی کوردستان ئەگەر یەک حاڵەتیش بێت ئێمە بەهەندی وەردەگرین، ئیستا هۆکاری ئەو نەخۆشیە لە ئەنجامی دەرهاوێشتەی پیسبوونە ژینگەیی و خۆراکی خراپ و ناتەندروستە.

باسی لەوەش کرد، ساڵانە لە جیهاندا 19 ملیۆن تووشبوو نوێ تۆمار دەکرێت، تاوەکو ئێستا توشبووانی هەرێمی کوردستان لە ژێر ستانداردی نێودەوڵەتییە، کە لە 0.15%ـیە بەڵام لە جیهاندا 0.19%ـیە، کە بەگوێرەی ستانداردی نێەودەوڵەتی ساڵانە لە جیهاندا لە هەر 100 هەزار کەسی دانیشتوواندا 190 توشبوو تۆمار دەکرێت، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستاندا 151 حاڵەتدا تۆمار دەکرێت، واتە هەرێمی کوردستان لەژێر ستانداردی نێودەوڵەتییە.

سامان بەرزنجی ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین سەنتەری شێرپەنجەیە، خزمەتگوزارییەکانی شێرپەنجە قورسە لەسەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان لە 40%ـی نەخۆشانی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی هاووڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، کە ڕۆژانە ڕوو لێرە دەکەن، بۆ چارەسەری کیمیایی و پشکنین و نەشتەرگەری.

دەشڵێت: نزیکەی 250 جۆری دەرمانی شێرپەنجە بەکار دەهێنرێت، کە نزیکەی 120 جۆریان چارەسەری کیمیایین زۆر گرانبەهان، هەروەها تەواوی چارەسەرە کیمییاییەکانی لە کەرتی گشتی و سەنتەرەکان و نەخۆشخانەکانی شێر پەنجە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەکەرتی تایبەت چارەسەری کیمیایی زۆر بەدەگمەن پێشکەش دەکرێت.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانییویەتی لە سەدا 90ـی سەرجەم چارەسەرییەکان لەسەنتەرەکان بەردەست بکات، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2020 تا کۆتایی 2023، زیاتر لە 285 ملیار دینار بۆ دەرمانی شێرپەنجە خەرج کردووە، لەگەڵ دەستبەکار بوونی کابینەی نۆیەم، بودجەی تایبەتی بۆ سەنتەرەکانی شێرپەنجە  سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان دابین کرد.

جەختیشی کردەوە، بەپێی خەملاندنەکان نەخۆش تێچووی چارەسەر و نەشتەرگەری نەخۆشیەکەی لە هەرێمی کوردستان، 180 هەزار تا 200 هەزار دۆلارە، بۆیە پرۆژەکە زۆر گرنگە، کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن زیاتر سوودمەند بن. کە لە دووساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواودەبێت و دەچێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لەسەر ڕووبەری 19 هەزار مەتر چوارگۆشە درووست دەکرێت و 150 قەرەوێڵەوە لەخۆ دەگرێت.

‏‎لە نەخۆشخانەکەدا، پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای پزیشکی فەراهەم دەکرێت و سەرجەم چارەسەرەکانی وەک کیمیۆثێراپیی، سکانی  PET و CT وMRI، لەگەڵ چاندنی مۆخی ئێسک و وێنەگرتنی کامێرای گاما، چەندین چارەسەری دیکە تەندروستی لە بەرزترین ئاستدا بەردەست دەبێت.

بە ‏‎کۆ کردنەوەی ئەم خزمەتگوزاریانە لە نەخۆشخانەی شێرپەنجە وا دەکات کە چیتر چارەخوازان پێویست نەکات سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن بۆ وەرگرتنی باشترین چارەسەر.

نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لە چوار نهۆم پێکدێت، ‏‎لە نهۆمی یەکەمدا، سێ ژووری نەشتەرگەری پێشکەوتوو ئامادە کراون بۆ ئەنجامدانی ئاڵۆزترین نەشتەرگەرییەکانی شێرپەنجە، کە تێیدا پزیشکە شارەزاکانی کوردستان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو گرنگترین و گەورەترین نەشتەرگەرییەکان ئەنجام دەدەن.