سەرۆك بارزانی: زانایانی ئایینی ڕۆڵی خۆیان لە بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەرەوەری بگێڕن

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

سەرۆك بارزانی بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێێدا دەڵێت: دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی لە بەشداریكردنیان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرز ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینیەکان و کولتووری پێكەوەژیان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، لە كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی لە بەشداریكردنیان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرز ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینیەکان و کولتووری پێكەوەژیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.

هەمیشە ئەو چاوەڕوانیەم لە زانایانی ئایینی و مامۆستا بەڕێزەکان هەیە، ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە بەهێزکردنی هەستی نیشتیمانپەرەوەری و بەها مرۆڤییەکان و تەبایی و پێکەوەژیان و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر بگێڕن.