ڕێبین ئەحمەد: ساڵانە نزیکەی 100 هەزار دار بەرهەم دەهێنین

بەڕێوەبەری ئەندازە و باخچەکانی هەولێر رایگەیاند، هەموو ساڵێک لە 14ـی ئادار، هەڵمەتێکی فراوانی دارچاندن دەست پێ دەکەین، هەروەها لە 120 شوێنی هەولێر دارمان چاندووە، کە دەبنە هۆی پاککردنەوەی ژینگەی شارەکە.

ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازە و باخچەکانی هەولێر بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێک لە 14ـی ئادار، هەڵمەتێکی فراوانی دارچاندن دەست پێ دەکەین، گوتیشی: پاڵپشت بە نەمامگەکانی خۆمان، ساڵانە نزیکەی 100 هەزار دار بەرهەم دەهێنین.  ڕێژەیەکی زۆر لەو دارانە لە سنووری شارەوانی هەولێر دەچێنرێت.

ڕێبین گوتیشی: بەشێک لەو دارانەی بەرهەم دەهێنرێن، دەدرێتە شارەوانەییەکانی دەرەوەی سنووری شارەوانی هەولێر و قوتابخانە و مزگەوت، هەروەها دەرگاشمان بۆ ئەو هاووڵاتیانە کراوەیە کە ئارەزووی دارچاندن دەکەن.

ئااماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای گشت قەیرانەکان کە هەندێکیان سروشتی بوون، گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و قەیرانی دارایی کاریگەریی زۆر لەسەر ڕێژەی سەوزایی هەبووە، بۆیە ئێمە پلانێکمان دانا کە ئەو دارانە بەرهەم بهێنین کە لەگەڵ کەشوهەوای هەولێردا بگونجێت.

بەڕێوەبەری ئەندازە و باخچەکانی هەولێر دەڵێت: لە کابینەی نۆیەم هەڵمەتێکی فراوانمان دەست پێ کردووە، بە سەوزکردنی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دارمان لە 120 شوێن چاندووە، بۆ نموونە، لە شەقامی هەولێر-مەخموور لە 100 مەتری تاوەکو مامزاوە نزیکەی 60 هەزار دارمان چاندووە، هەروەها لە دوورگە ناوەندییەکانی شەقامەکان دارمان زۆر چاندووە، چونکە دار فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پاککردنەوەی کەشوهەوا.

ڕاشیگەیاند، ئێستا هەڵمەتێکمان دەست پێ کردووە لە 120 مەتری بۆ 150 مەتری کە نزیکەی هەزار و 700 دارمان چاندووە، هەروەها هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەبێت تا کۆتایی ساڵ کە هەر شوێنێک پێویست بێت داری لێ دەچێنین.