ئیخلاس دلێمی: چوارشەممە شاندێکی بەغدا بۆ پرسی دارایی دێتە هەرێمی کوردستان
جێگری سەرۆکی لێژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق دەڵێت: حکوومەتی عێراق پلانی وایە پارە بەشێوەی بەش بەش دەنێرێت، بۆ هەموو پارێزگاکانیش هەر بەو شێوەیەیە، هەروەها ڕۆژی چوارشەممەش شاندێکی بەغدا بۆ پرسی دارایی دێتە هەرێمی کوردستان.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی عێراق پارە بەشێوەی بەش بەش دەنێرێت، بۆ هەموو پارێزگاکانیش هەر بەو شێوەیە دەنێرێت، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان.
ئیخلاس دلێمی دەشڵێت: بۆ مانگەکانی داهاتوو، هیچ کێشەیەک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابێت، ئەمەش بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەیە لە نێوان حکوومەتی هەێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا کراوە.
سەبارەت بە دابەش کردنی مووچەی مانگی نۆ، دلێمی ئاماژەی بەوەدا، هەمیشە مووچە لە 21 مانگ تاوەکو کۆتایی مانگ خەرج دەکرێت، گوتیشی: ڕۆژی چوارشەممەش، شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ تاوتوێکردن و هاوئاهەنگی لە پێناو نەهێشتنی تەگەرەکانی مووچە و کێشە داراییەکانی بەگشتی. بۆیە پێمان وایە ئەو سەردانە بەرهەمدار دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی کردەوە، کە شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، هەروەها کارنامەی سەردانەکە دانراوە بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیەنراوە.
ناردنی 572 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە
یەکشەممە، 22-09-2024، نزیکەی 572 ملیار دیناری تەواوکەری مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ـی مووچەخۆران، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بڕیارە لە نزیکترین کاتدا تەواوی ئەو بڕە پارەی ماوە بۆ مووچەی هەردوو مانگی حەوت و هەشت، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانە بکرێت".
بە گوتەی ڤیان سەبری، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەرانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵی، مووچەی هەمان مانگ (9)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکات.
شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-09-2024، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتە هەولێر. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.
کوردستان24 زانیویەتی، شاندەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ وەزارەتی دارایی، پێشمەرگە، دیوانی چاودێریی و ژمارەیەک لە دامودەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.