گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: ئەمساڵ تاکو ئێستا 14 هاووڵاتی تووشی تای خوێنبەربوون هەبوون

دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت: ئەمساڵ تا ئێستا تەنها 14 هاووڵاتی تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون هەبوون، یەک لەو هاووڵاتیانەش لە دهۆک گیانی لەدەستدا.

دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمساڵ 14 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بوون، تەنها هاووڵاتییەک لە شاری دهۆک بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند:  ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بەرز نەبووەتەوە، ڕێنمایی و هۆشیارییەکان بۆ هاووڵاتییان بۆ خۆ پارێزیی لەو نەخۆشییە، ڕۆڵی گرنگیان بینیووە لە وەستانی ئاماری تووشبووانی ئەو نەخۆشییە لە ئاستی پێشووی خۆیدا.

تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.

دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).

Fly Erbil Advertisment