ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

وەزارەتی دارایی
وەزارەتی دارایی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژە بەو ڕێککەوتنانە دەکات کە لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی گەیشتوون.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدای پایتەختیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بوودجەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و ڕاگرتنی تەمویلی مووچە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن کە گرنگترینیان ئەمانەن:

1- شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ دواین جار داوای کردبوو.

2- بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی ( 243،000،000،000 ) دوو سەد و چل و سێ ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون ، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە .

3- چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردووە.

4- کێشەکانی تایبەت بە دووبارە بوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارە کرا کەهەمووی کێشەی هونەری بوون و، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا ( 2024/12/31 ) مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.