زیاتر لە 12 وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ لوبنان ڕاگرتووە

بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لوبنان چەندان وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری ڕاگرتووە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە.
هێڵی ئاسمانی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی لوبنان، بڕیار دراوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت ڕابگیرێت".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشهاتەکانی لوبنان لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەندە بە پێشهاتە ئەمنییەکانەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی نیگەرانیانە بۆ سەلامەتیی گەشتیاران، کە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، هەروەها هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات، هەر ڕێنماییەکەی نوێ سەبارەت بە دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەکاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێت".
لەلایەکی دیکەوە هێڵی ئاسمانی ئێران ڕۆژی شەممە "ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت ڕاگرت و گوتی، تاوەکو کاتێکی نادیار گەشتەکان ڕادەگیرێن".
سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە، هەروەها هۆشداریشی داوە کە ئەوان بڕیار دەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە.
تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە دەیان گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت هەڵوەشێنراوەتەوە.
زۆربەی گەشتە هەڵوەشاوەکان لە ئەڵمانیا، سعوودیە، ئیمارات، تورکیا، ئەسیوپیا، سویسرا، فەرەنسا، ئوردن، میسر، عێراق و قەتەر و ئێرانەوە بووە.
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی لوبنان ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە کە باس لە ڕاگرتنی تەواوەتی گەشتە ئاسمانییەکان دەکەن و ڕوونیان کردەوە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانیان بۆ بەیروت ڕاگرتووە.
لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدا کە گەشتەکانیان بۆ لوبنان ڕاگرت، بریتی بوون لە هێڵی ئاسمانی قەتەر، میسر ئەیر، تارۆم، لوفتهانزا.
بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا، ئێوارەی هەینی بۆ سەر باشووری لوبنان توانیویانە حەسەن نەسروڵلا بکوژن، دوای چەند کاتژمێرێک حزبوڵلای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان بڵاو کردەوە.