وەزارەتی تەندروستی رێنمایی لەبارەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی  رێنمایی و گشتاندنێکی  ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان، زاخۆ و کۆیە کردووە سەبارەت بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک (Meningitis).

یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، لە رێنماییەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گوازراوەیە و بریتییە لە هەوکردنی ئەو پەردانەی مێشک و دڕکەپەتکیان داپۆشیوە، دەکرێت بەهۆی بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو، مشەخۆر یان هۆکاری دیکەوە وەک هەندێک دەرمان و نەخۆشیی سیستمی بەرگری سەرهەڵبدات. وەزارەتەکە هۆشداریی داوە کە هەوکردنی پەردەی مێشکی بەکتریایی بارودۆخێکی فریاکەوتنی مەترسیدارە و ئەگەر چارەسەری دوا بکەوێت دەتوانێت ببێتە هۆی مردن یان ئاڵۆزیی درێژخایەنی وەک کەمبوونەوە و لەدەستدانی بیستن، زیانی مێشک، گەشکە، کێشەی بیرکردنەوە، جووڵە، بینین و تێکچوونی کارکردنی ئەندامەکانی جەستە.

سەبارەت بە شێوازی گواستنەوە و نیشانەکانی نەخۆشییەکە، وەزارەتی تەندروستی روونیکردووەتەوە، گواستنەوە بەپێی جۆری هۆکارەکە دەگۆڕێت و دەکرێت لە رێگەی هەناسەدان و پریشکی ئاوی دەم و لووت، کۆکە و پژمین، نزیکبوونەوەی درێژخایەن لە تووشبوو، هاوبەشکردنی خواردن و خواردنەوە (بەتایبەتی لە جۆری بەکتریاییدا) یان پیسبوونی خواردن بە پاشماوەی پیسایی بگوازرێتەوە، هاوکات جەختیشیانکردووەتەوە، هەموو جۆرەکان بە ئاسانی ناگوازرێنەوە. نیشانە سەرەکییەکانیش بریتین لە تا، سەرئێشەی توند، ئازار و رەقبوونی مل، هەستیاری بە رووناکی، دڵتێکچوون و رشانەوە، شەکەتی، کەمبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و هەندێک جار گەشکە، هەروەها لە هەندێک حاڵەتی بەکتریای جۆری Meningococcalـدا پەڵەی سوور یان مۆر لەسەر پێست دەردەکەوێت.

لەبارەی دەستنیشانکردن و چارەسەرەوە، نووسراوەکە رایگەیاند، لە حاڵەتی گوماندا دەبێت نەخۆش دەستبەجێ بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەوێ جگە لە پشکنینی کلینیکی، پشکنینی وەرگرتنی شلەی مێشک و دڕکەپەتک (LP) کە گرنگترین پشکنینە، لەگەڵ پشکنینی خوێن (Blood culture و CRP) و لە هەندێک حاڵەتیشدا وێنەگرتنی مێشک بە MRI یان CT Scan دەکرێن. چارەسەرکردنیش لە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێریی پزیشک دەکرێت، بە جۆرێک بۆ جۆری بەکتریایی دەستبەجێ و بەبێ چاوەڕوانیی ئەنجامی پشکنین دەرمانی دژەبەکتریا لە رێگەی خوێنبەرەوە دەدرێت، بۆ جۆری ڤایرۆسی زۆربەیان بە پشوودان و شلە و کەمکردنەوەی تا و ئازار باش دەبن و لە هەندێک حاڵەتدا دژەڤایرۆس بەکار دێت، و بۆ جۆری کەڕوویش دژەکەڕوو دەدرێت.

لە بەشێکی گرنگی رێنماییەکاندا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاراستنی تەندروستی و تەندروستیی قوتابخانەکان، وەزارەتی تەندروستی رایسپاردووە کە بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان لە گرنگیی ناسینەوەی نیشانەکان ئاگادار بکرێنەوە و لە کاتی هەر حاڵەتێکی گومانلێکراودا دەستبەجێ نزیکترین دامودەزگای تەندروستی ئاگادار بکەنەوە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دەبێت قوتابیی تووشبوو لە قوتابخانە دوور بخرێتەوە تا هەڵسەنگاندنی پزیشکی و دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە، و لە حاڵەتی گومانلێکراویشدا کە هێشتا هۆکارەکەی دیاری نەکراوە، پێویستە قوتابی لە ماوەی نەخۆشییە توندەکەدا بە لایەنی کەم بۆ ماوەی هەفتەیەک لە قوتابخانە دوور بخرێتەوە تا پشکنینەکان تەواو دەبن و دواتریش تەنیا بە بڕیار و رێنمایی پزیشک بگەڕێتەوە قوتابخانە.

هاوکات وەزارەت رێنمایی داوە بە بەشەکانی پتەوکردنی تەندروستی بۆ ئەنجامدانی چالاکیی هۆشیاری بۆ مامۆستایان، قوتابییان و دایک و باوکان لە رێگەی پۆستەر، نامیلکە و سۆشیاڵ میدیاوە، بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ سەردانی دەستبەجێی نەخۆشخانە لە کاتی تا و سەرئێشەی توند و رەقبوونی ملدا، دوانەخستنی چارەسەر، وەرگرتنی ڤاکسینەکانی خشتەی رۆتینیی منالآن (بەتایبەتی ڤاکسینەکانی Pneumococcal و Hib)، دەستشۆردن بە ئاو و سابوون، داپۆشینی دەم و لووت لە کاتی کۆکە و پژمین، پاراستنی پاکوخاوێنی و بەکارنەهێنانی کەرەستەی کەسیی هاوبەش.

لە کۆتایی رێنماییەکانیشدا بۆ بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان، وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو بەپێی سیستەمی پەتاگەری، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پەتازانی بۆ حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان، ناسینەوە و چاودێریکردنی بەرکەوتە نزیکەکان - بەتایبەتی لە جۆری Meningococcal - و دابینکردنی دەرمانی خۆپارێزی (Chemoprophylaxis) بۆیان بەپێی پرۆتۆکۆلی پزیشکی، لەگەڵ هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان تەندروستیی قوتابخانەکان و نەخۆشییە گوازراوەکان کردووەتەوە.