سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومییەکانی عێراق دەکرێتە پارە

نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک
نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک

بە بڕیارێكی وەزیری تەندروستی عێراق سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێتە پارە و سزای پێبژاردنی جگەرە کێشانیش لەسەر ستافی نەخۆشخانەکان و سەرانیکارانی نەخۆش دادەنرێت، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووکیش دەڵێ: بڕیارەکە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و فشارەکانی سەر کەرتی تەندروستییە و سوودیشی هەبووە".

نووسراوەکە بە ئیمزای ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاوبووەتەوە و کۆپییەکی دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە و تێیدا هاتووە، تەنیا لە ڕۆژانی دووشەممە و چوارشەممە لە کاتژمێر سێی دوا نیوەڕۆوە تاوەکوو حەوتی ئێوارە، هەروەها ڕۆژانی هەینی لە کاتژمێر هەشتی بەیانی تاوەکوو 12ی نیوەڕۆ، هاووڵاتییان لە نەخۆشخانە حکوومییەکان بۆیان هەیە سەردانی نەخۆشخانیان بکەن، بەڵام بە دەر لەم دوو ڕۆژە و کاتژمێر دیاریکراوەکان، هەر کەسێک سەردانی نەخۆش بکات، دەبێت کرێی سەردانی کردنەکە بدات کە پێنج هەزار دینارە.

بڕیارەکە لە نەخۆشخانە گشتییەکانی کەرکووکیش جێبەجێ دەکرێت و لەمبارەوە سامان یابە بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، دەرکردنی بڕیارەکە بەهۆی ئەو سەردانە بەلێشاوەی هاووڵاتیانەوە بووە بۆ لای نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک، لە هەمانکاتدا پابەندی کاتە دیارکراوەکانی سەردانی نەخۆش و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەدەبوون.

سامان یابە دەشڵێ: ئەو قەرەباڵغییە بەهۆی سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک هەبوو، گرفت و ڕێگری لە بەردەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کاری پزیشک و چارەسەرکردنی نەخۆشخانەکان دروستکردبوو، بەڵام لە دوای دەرکردنی بڕیارەکە فشاری سەر نەخۆشخانەکان کەمبووەتەوە و ئیستا باشتر دەتوانرێت چارەسەری نەخۆشەکان بکرێت.

هەر بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، هەر کەسێک لە ستافی تەندروستی، نەخۆش و سەردانیکارانی نەخۆش لە نێو نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان جگەرە بكێشێت، ئەوە بە پێبژاردنی 10 هەزار دینار سزای ماددی دەدرێت.

Fly Erbil Advertisment