جەزائیر.. نووسینی ڕوخساری قوتابییەک کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە

K24 – هەولێر:
مامۆستای قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە جەزائیر، لەسەر ڕوخساری قوتابییەک داواکارییەک دەنووسێت بە بیانوی ئەوەی قوتابییەکە لەبیری کردووە پرسیارەکانی کتێبی ڕاهێنانی بیرکاری شیکار بکات، هاوکات ئەو کارەی مامۆستاکە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و، پسپۆرانی پەروەردەیی هۆشدارییان لە پەرەسەندنی دیاردەی توندوتیژی لە ناوەندە پەروەردەییەکان دا.
هەڵسوکەوتی مامۆستای قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە جەزائیر مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، مامۆستاکە لەسەر ڕوخساری قوتابییەک نوسیبووی: "کتێبی ڕاهێنانی بیرکاری لاپەرە 96"، بیانووشی بۆ نووسینەکە ئەوە بوو کە قوتابییەکە چەندین جار بیری چووبوو پرسیارەکانی ئەم لاپەڕەیە شیکار بکات، مامۆستاکەش ئەم کارەی بە تاکەڕێگە زانیبوو بۆ ئەوەی بیری قوتابییەکە و دایک و باوکی بهێنێتەوە.
دوای ئەوەی وێنەی قوتابییەکە لە سۆشیال میدیا بڵاو کرایەوە کاردانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە، مامۆستایان و پسپۆرانی پەروەردەیی هۆشداریی لە پەرەسەندنی دیاردەی توندوتیژی لە دامەزراوە پەروەردەییەکان دەدەن.
هەر لەم بارەیەوەش جەزائیرییەکان لە سۆشیال مێدیا، زۆر بە تووڕییەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بەو کارە دەربڕی و داوای ئەوەیان کرد دەبێت دەسبەجێ مامۆستاکە دەستگیر بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
فوتەیحە پاشا، چالاکوانی پەروەردەیی و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی نیشتمانیی سەرپەرشتیاری قوتابییان ڕایگەیاند، ئەو جۆرە وێنە و ڕووداوانە ناوبانگی دامەزراوە پەروەردەییەکان لەکەدار دەکەن و دەبێت مافی قوتابییان لەبەرچاو بگیرێت.
سەبارەت بە چارەسەرەکان بۆ دوورکەوتنەوە لەم جۆرە ڕووداوانە، گوتی: ڕووداوەکە دەبێت لە چوارچێوەی گشتی خۆیدا دابنرێت، کە دیاردەی پەرەسەندنی توندوتیژییە لە ژینگەی قوتابخانەدا، توێژینەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ساڵی 2008ـەوە، زیادبوونی بەرچاوی دیاردەی توندوتیژی جەستەیی تۆمار کراوە.