نوێنەرێکی ئازەریی: ورمێ پارێزگا نییە و شارێکی پارێزگای ئازەربایجانە

K24 - هه‌ولێر:

نوێنەرێکی ئازەریی پارێزگای ورمێ لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: ورمێ پارێزگا نییە و شارێکی پارێزگاکەیە و هەرکەس چەپ بڕوانێتە ورمێ، بە توندی سزا دەدرێت.

نادر قازیپوور، بە ئاژانسی هەواڵی فارسنیوزی راگەیاند، لە پێشانگای کتێبی ورمێ کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، چاوی بە کتێبێک کەوتووە کە دەستەواژەی پارێزگای ورمێی تێدا نووسراوە و گوتی: هەندێک کەس بە هەڵپێچراوی قسە دەکەن و پارێزگای ئازەربایجان بە پارێزگای ورمێ ناو دەبەن.

نادر قازیپوور، کە بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی ئێران وەک نوێنەر هەڵبژێردراوە، لە بانگشەی هەڵبژاردنەکانیدا گرتەیەکی ڤێدیۆیی لێ بڵاوکرابۆوە کە بەتوندی هێرشی کردووەتە سەر ژنان و بە شیاوی بەشداریکردن لە کاری سیاسییان نازانێت.

ورمێ لەلایەن کوردەکانەوە بە پارێزگای ورمێ و لە لایەن تورک و فارسەکانیشەوە بە شارێكی وه‌ك پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ناوی دەبرێت.