باڵەكانی یەكێتی زانیاریی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئاشكرا ناكەن

K24 – سلێمانی

ئەمڕۆ شاندی ھەردوو باڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی لەسەر كێشەناوخۆییەكانیان كۆبوونەوە، بەڵام ئامادەنین ھیچ زانیارییەك ئاشكرا بكەن.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی ناوەندی بڕیاری یەكێتی كە پێكھاتبوون لە حاكم قادر، عەدنان حەمە مینە، شاڵاو عەلی عەسكەری، شاڵاو كۆسرەت، ھەروەھا باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە رەفعەت عەبدوڵڵا، لەتیف شێخ عومەر، بێگەر تاڵەبانی لە سلێمانی كۆبوونەوە".

گوتیشی: "بۆ زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكە پەیوەندیمان بە ژمارەیەك ئەندامانی شاندی ھەردوولا كرد، بەڵام ئامادەنەبوون ھیچ زانیارییەك ئاشكرا بكەن، دواجار یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێی گوتین خۆتان ماندوو مەكەن ھیچ شتێك لەسەر كۆبوونەوەكە ناڵێین".

پێشتر شاڵاو عەلی عەسكەری گوتەبێژی ناوەندی بڕیار بە كوردستان24 گوتبوو كە لەم كۆبوونەوەیە باسی ھەموو كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەیان دەكەن.