ژمارەی چەكدارانی داعش لە شەڕی مووسڵ ئاشكرا دەكرێت

K24 - ھەولێر

ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژمارەی چەکدارانی داعش لە شەڕی مووسڵ ئاشکرا کرد.

جۆن دۆریان، گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا، ئاشکرای کرد بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەوان داعش نزیکەی 4 ھەزار چەکداری لە نێو مووسڵ ھەیە و بۆ شەڕی مووسڵ بەکاریاندێنێت.

گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە نیوەی چەکدارانی داعش لە مووسڵ بیانین. جۆن دۆریان گوتیشی، ھێشتا ھیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی داعش مووسڵ بێ شەڕ چۆڵ بکات.

راشیگەیاند، ئامادەکارییەکان بەردەوامن لە لایەن وڵاتانی ھێزی ھاوپەیمان و ئاشکراشی کرد زۆربەی ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانییە رۆڵیان دەبێت لە شەڕی مووسڵدا.