بەرنامەی نەووژین لەسەر شاشەی کوردستان24 دەستپێدەکاتەوە

دیارترین بەرنامەی خێرخوازیی و مرۆیی کوردستان24، جارێکی دیکە بە هاوکاری و پاڵپشتی دەزگای بارزانی بۆ کاروباری مرۆیی دەستپێدەکاتەوە و ئامانجی بەرنامەکەش گۆڕینی ژیانی ئەو کەسانەیە هەژار و کەمدەرامەت و نەخۆشن، بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستەتر و باشتریان بۆ فەراهەم بکرێت.

ئیمان دەرباس، پێشکەشکاری بەرنامەی نەووژین، لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرنامەکە و وردەکاریی کار و چالاکییەکان گوتی: "لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی و داواکاریی زۆری هاووڵاتییان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرنامەکە، بە هاوکاری و پاڵپشتی دەزگای خێرخوازی بارزانی، جارێکی دیکە بەرنامەی “نەووژین” بۆ هاوکاریی کەسانی هەژار، نەخۆش و کەمدەرامەت، دەستپێدەکاتەوە، گوتیشی: ئامانج لەم بەرنامەیە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانە، پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، هەروەها جەنابی سەرۆک بارزانی رایسپاردووین بە بێ جیاوازی نەتەوەیی، ئایین، بیروباوەڕی سیاسی و دابەشبوونی جوگرافی، لە تەواوی هەرێمی کوردستان خزمەتە مرۆیی و خێرخوازییەکانمان پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەین”.

لە بارەی دەستنیشانکردنی ئەو ماڵانەی ئیمان لە بەرنامەکەیدا سەردانیان دەکات و هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی پێشکەشیان دەکات، رایگەیاند، مەرجەکانی سەردانیکردنمان ئەوەیە، دەبێت کەسەکە یاخود ماڵەکە شایستە بێت، واتە هەژار و کەمدەرانەت یان نەخۆشیان هەبێت، بۆ ناو تۆمارکردنیش تەنیا پێویستە کەسەکە یان لە رێگەی سەردانیکردنی بارەگای دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە ناوی تۆمار بکات، یان دەتوانێت پەیوەندی بە دەزگاکەوە بکات”.

لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی پێشکەشکردنی بەرنامەکە بە جلوبەرگی کوردی، ئیمان دەرباس گوتی:” هەڵبژاردنی جلوبەرگی کوردی بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەکە تەنیا شێوازێکی کەلتووری نییە، بەڵکوو ئەو جلوبەرگە، ناسنامە و شانازی نەتەوەیی کوردە، هاوکات پەیامی پشت ئەو جلوبەرگە ئەوەیە، کورد خاوەنی کولتوور، ناسنامە، ویژدان و میهرەبانییە و هەموو کات و لەهەر شوێنێک بێت ئامادەین خزمەتی برا و خوشکانمان بکەین، بۆیە پەیامەکەمان هەم مرۆییە هەم نیشتمانی”.