مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى به‌ بێ باسكردنى ناوه‌ندى بڕيار راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌

هيچ ئاماژه‌يه‌ك بۆ كێشه‌كانى مه‌كته‌بى سياسيى له‌گه‌ڵ باڵى ناوه‌ندى بڕيارى ئه‌و حزبه‌ نه‌كراوه‌.

K24 – سلێمانى:

كۆبوونه‌وه‌ى مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەگای مەكتەبی سیاسی، لەشاری سلێمانی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى راگه‌يه‌ندراوێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆتايپێهێنرا و هيچ ئاماژه‌يه‌ك بۆ كێشه‌كانى مه‌كته‌بى سياسيى له‌گه‌ڵ باڵى ناوه‌ندى بڕيارى ئه‌و حزبه‌ نه‌كراوه‌.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، كه‌ ميدياى ره‌سمى يه‌كێتى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: لەكۆبونەوەكەدا، باسی چونی وەفدی هەرێمی كوردستان، بۆ بەغدا كرا و ...سەردانەكە بۆ كردنەوەی دەرگاكانی دانوستاندنێكی نوێ‌، بەپێی پرۆژەیەكی پەسەندكراوی لایەنە سیاسیەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر كۆی پرسەكان و كێشەكان، لەپێشەوەدا چارەسەری كێشەی نەوت و گاز ، بودجەو موچەو خستنەوەگەڕی پرۆژەكان و بانكەكانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌رى ئاشتيى بۆ ناو ماڵى كورديى كه‌ له‌ لايه‌ن هه‌ده‌په‌وه‌ خرابووه‌ روو، له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لەكۆبونەوەكەدا، پرۆژەی هەدەپە بۆ پەیمانی دیالۆگی لایەنە سیاسیەكان، بە پۆزەتیڤ قبوڵكراو لەم رۆژانەشدا، وەڵامی رەسمیان دەدەرێتەوە.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، بڕيار دراوه‌، كۆبونەوەیەكی تایبەت لەسەر كێشەی دارایی ئۆرگان و كادرو ئەندامانی یەكێتی و كەسوكاری شەهیدان ئەنجام بدرێ‌، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر  و هه‌روه‌ها لەم نزیكانە، لەگەڵ رەوتی ئاڕاستەی یەكگرتنی زەحمەتكێشان، كۆبونەوەو مەراسیمی یەكگرتنیان لەگەڵ یەكێتی ئەنجام بدرێ‌.

يه‌كێكى ديكه‌ له‌ بڕياره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ رۆژی (15/10/2016) كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی و لێكدانەوەی كێشەكان و دۆخی ناو یەكێتی، ئەنجام دەدرێ‌.