سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تەقینەوەكەی شاری حەسەكە ئیدانە دەكات

"دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ یارمەتیدانی برینداران و گەیاندنی هاوكاریی پزیشكی و تەندروستی"

K24- ھەولێر

لە راگەیاندراوێكدا سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ئیدانەی تەقینەوەی شەوی رابردووی شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت: " بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان لە شاری حەسەكە دەكەین و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارن دەخوازین".

سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان راشیدەگەیەنێت: "دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ یارمەتیدانی برینداران و گەیاندنی هاوكاریی پزیشكی و تەندروستی بۆ لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە".

دەقی راگەیاندراوی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان

شەوی دووشەممە 3ـی 10ـی 2016 تیرۆریستێكی خۆكوژ لەنێو هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان خۆی تەقاندەوە و بەهۆی ئەو كردەوە تیرۆریستییەوە بیست و پێنج هاووڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان لە شاری حەسەكە دەكەین و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارن دەخوازین. لەهەمانكاتیشدا ڕایدەگەیەنین كە دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ یارمەتیدانی برینداران و گەیاندنی هاوكاریی پزیشكی و تەندروستی بۆ لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە.

لە هەموو بارودۆخێكدا هاوسۆز و پشتیوانی خوشك و براكانمانین لە ڕۆژئاوای كوردستان و ئازار و خەمی ئەوان خەم و ئازاری هەموومانە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

4ـی 10ـی 2016​