كۆریای باشوور بەنیازە كونسوڵخانە لە ھەولێر بكاتەوە
بارزانی فیرقەی زەیتونی كوریای باشووری وەك پردێكی بەهێزی پەیوەندیی نێوان كوردستان و كوریا لە قەڵەمدا
K24 - ھەولێر
لە میانی دیداری نێوان مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سۆنگ ڤوونگ یوب باڵیۆزی نوێی كوریای باشوور لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی بەنیازە كونسوڵخانە لە ھەولێر بكاتەوە و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەم ھەنگاوەی وڵاتەكەی ئاگادار كردوەوە.
ئەمڕۆ لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سۆنگ ڤوونگ یوب باڵیۆزی نوێی كوریای باشوور لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كوریای باشوور لە عێراق بەناوی گەل و حكوومەتی كوریای باشوور سوپاسی قوربانیدان و خۆڕاگری گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و پیرۆزباییشی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستاندا بەدەستیانهێناوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لەوە دڵنیان گەلی كوردستان لەژێر سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی بەسەر ئاستەنگەكاندا سەردەكەوێت. لەدرێژەی قسەكانیدا سەردانی چەند رۆژ پێشووی بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ و مێژوویی وەسفكرد و هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا باڵیۆزی كوریای باشوور سەرۆكی ھەرێمی كوردستانی لەوە ئاگادار كردەوە كە وڵاتەكەی بەنیازە ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە شاری هەولێر لە نووسینگەی باڵیۆزخانە بۆ كونسوڵخانە بەرز بكاتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە توانا ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان و كار و پڕۆژەی هاوبەش.
لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور خواست و ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی فرقەی زەیتونی كوریای باشووردا و وەك پردێكی بەهێزی پەیوەندیی نێوان كوردستان و كوریای لەقەڵەمدا. بارزانی هەروەها ئەوەیشی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە گەلی كوردستان رێزێكی تایبەتی بۆ گەلی كوریای باشوور هەیە و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهانی و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.